وەزیری گەیاندن كاری دلیڤەری دەكات
گۆڕانكاری لە پێگە و پایەی ژیانی مرۆڤ، بە پێی قۆناغ و ڕووداوەكان دەگۆڕێت، هەندێك لە ئاستێكی نزمەوە بۆ بەرز هەنگاو دەنێن، هەندێكی دیكەش لە بەرزییەوە بەرەو نزمی بە ناچاری دەكەون، وەك ئەو وەزیرە ئەفغانستانییە كە ڕۆژانێك ئەمری بەسەر وڵاتێكدا دەرۆیشت، بەڵام ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا كاری دلیڤەری دەكات، (سەید ئەحمەد شا سادات)، بەر لە ڕووخانی حكومەتی ئەفغانستان وەزیری گەیاندن بوو، دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر وڵاتدا گرت، ئەویش بە ناچاری كۆچی كرد بۆ وڵاتی ئەوروپا، لەوێدا كارێكی وای دەست نەكەوتووەو، چەندین پۆستیشی ڕەت كردووەتەوە، ئێستا لە شاری لایبیزیگی ئەڵمانیا دەژی و كاری گەیاندنی خواردن بۆ كۆمپانیای لیفراندۆ لە شێوەی دلیڤەری دەكات و، خواردن بۆ خەڵك دەگەیەنێت، وەك خۆی دەڵێت: «ڕاستە پلەی وەزیرم هەبووە، بەڵام ژیان دەگۆڕێت و ئێستا لێرەم، نازانم لە داهاتوودا چارەنووسم بە كوێ دەگات».
