پرۆتینی ئاژەڵی، یان پرۆتینی ڕووەكی؟
ڕۆژانە خواردنی بڕی تەواوی پرۆتین گرنگە بۆ تەندروستی، پرۆتین لە خۆراكی ئاژەڵی و ڕووەكیدا هەیە، لە ڕابردوودا پرۆتینی ئاژەڵی بە پرۆتینی كلاسی یەكەم ناودەبرا گوایە لە پرۆتینی ڕووەكی باشترە، بەڵام زانا و پسپۆڕان جەخت دەكەنەوە كە لە ڕووی كوالێتییەوە جیاوازییان نییە، تەنیا لە ڕووی پێكهاتن و جۆرەكانی یەكەی بنەڕەتیی پرۆتینەكان نەبێت. هەموو پرۆتینەكان Proteins لە ترشی ئەمینی Amino acids جیاواز پێك هاتوون، شانەكانی لەش بۆ دروستكردنی پرۆتین نزیكەی 20 جۆری جیاواز لە ترشی ئەمینی بەكاردەهێنن. لەش دەتوانێت كە هەندێك جۆری ترشی ئەمینی دروست بكات، بەڵام نۆ جۆری گرنگی دیكە هەیە، كە بە ترشە ئەمینە (زەروورەكان Essential) ناسراون و لەش ناتوانێت دروستیان بكات، بۆیە پێویستە تەنیا لە خۆراكەوە وەربگیرێن. پرۆتین ئاژەڵی بە پرۆتینی تەواو ناسراوە، چونكە هەر نۆ ترشە ئەمینییە گرنگەكان لەخۆدەگرێت، بە هەمان شێوە هەندێك پرۆتینی ڕووەكی وەكو بەزالیا و پاقلەی سۆیا Soyabeans بە پرۆتینی تەواو ناسراون، بەڵام زۆربەی پرۆتینە ڕووەكییەكانی دیكە بە پرۆتینی ناتەواو دەناسرێن، چونكە هەموو ترشە ئەمینییە گرنگەگان لەخۆناگرن، وەك پاقلەمەنییەكان و گەنم. سەرچاوە دەوڵەمەندەكانی پرۆتینی ئاژەڵی: گۆشت، ماسی و خۆراكی دەریایی، هێلكە،پەلەور، شیر و بەرهەمەكانی شیر. سەرچاوە دەوڵەمەندەكانی پرۆتینی ڕووەكی: پاقلەمەنییەكان، سۆیا و بەرهەمەكانی وەكو تۆفو Tofu، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی و كازو، گەنم بەتایبەتی گەنمی سەوز، هەوێن Yeast.
