مۆم بە مۆركی كولتوور و مۆركی كوردەواری

مۆم بە مۆركی كولتوور و مۆركی كوردەواری

مۆم وەك كەرەستەیەكی ڕووناكی و جوانكاری بۆ دیكۆر لە ماڵ و ئۆفیس و شوێنی تایبەت و، هەروەها كەرەستەیەك بۆ ڕازاندنەوەی بۆنە و ئاهەنگ و یادەكان بەكاردێت، جگە لەوەی سەرچاوەی ڕووناكییەكی كزی ڕۆمانسییە. (هودا سەرهەنك) ئەو خاتوونەی هەڵساوە بە دروستكردنی مۆم بە مۆركی كوردی لە كوردستان، ئەو خاتوونە كە خاوەنی پرۆژەی (لالە كەندڵز)ـە بۆ دروست كردنی مۆم، دەربارەی كارەكەی دەڵێت: ئەوە بیرۆكەی خۆم بوو، من مۆمم لا جوانە، بۆیە ویستم كارێك بكەم ئیدی هەر پرۆژەیەك بێت، هەروەها مۆمەكانیش بەرهەمی دەستی خۆمان بێت، گرووپەكەمان لە لە پێنج كەس پێك دێت، من وەك خاوەن پرۆژەكە ویستم بزنسیكی تایبەت بە خۆمم هەبێت، هەرچەندە بڕوانامەی بەكالۆیۆرسم لە سیاسەت هەیە، بەڵام حەز و خولیام لە كاری مۆمدا هەبوو، توانیم سەرەتا كارگەیەكی بچووك دابنێم، و بە نووسینی كوردی شیعر و پەخشان و ڕستەی ناوداران لەسەر مۆمەكە دەستمان پێ كرد، مۆمەكان بە شێوەی جۆراوجۆر دروست دەكەین، كە هەندێكیان شێوەی كۆلێكشنی ڕۆمانسی، یان بۆ جوانیی دیكۆر لە ماڵ و، بۆ شوێن و ئۆفیسەكانیش ئامادە دەكەین، تەنانەت بۆنە و یادەكانیش بە مۆمی دروستكراوی كوردستان و بە دەستی كارمەندانی خۆمان دەڕازێنینەوە، ڕۆژانە دەیان مۆم دروست دەكەین و داواكاریی زۆریشی لەسەرە، چ بە شێوەی ئۆنڵاین بێت، یان لە ڕێگەی پێدانی مۆمەكان بە بریكار و شوێنە گشتییەكانی فرۆشتن و بازاڕكردن.

Top