بولگاریا پێدانی پاسپۆرتی زێڕین بۆ هاووڵاتییانی غەیرە ئەوروپی ڕادەگرێت
پەرلەمانی بولگاریا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆتاییدا دەنگیدا بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەی "پاسپۆرتی زێڕین" لەو وڵاتەدا.
بولگاریا یەکێکە لەو چەند وڵاتە ئەندامەی یەكێتیی ئەوروپا کە لەم ساڵانەی دواییدا سەرەڕای ڕەخنە لە ئەندامانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا و کۆمیسۆنی ئەوروپا، ڕێگە بە هاووڵاتییانی غەیرە ئەوروپی داوە کە ببنە هاووڵاتیی ئەوروپی ئەگەر نزیکەی (550)هەزار دۆلار لەو وڵاتەدا بخەنە كارەوە.
جگە لە بولگاریا، ماڵتا و قوبرس و پورتوگال وەک وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە هەمان شێوە "پاسپۆرتی زێڕین و ڤیزا" ڕەگەزنامەی ئەوروپییان بە سەدان وەبەرهێنەری بیانی بەخشیوە.
کۆمسیۆنی ئەوروپا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا چەندین جار ڕەخنەی لەو پرۆژەیە گرت و داوای لە ئەندامەکانی کرد، کە بە زووترین کات بوەستێندرێت.
ئامارەکان دەریدەخەن کە سەدان لەو خاوەنکار و بازرگانانەی کە سەرچاوەی داهاتیان نەزانراوە لە ساڵی 2013ەوە لە بولگاریا وەبەرهێنانیان کردووە و بوونەتە هاووڵاتیی ئەورووپی.
ئەم وەبەرهێنەرانە بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی ڕووسیا، چین و وڵاتانی کەنداون.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا داوای لەسەرجەم ئەندامەکانی کردووە كە بەپێی جەنگی ئۆکرانیا پڕۆژەی پاسپۆرتی زێرین دوابخەن بەلایەنی کەمەوە تا ساڵی 2025 .
یەكێتیی ئەورووپا دەڵێت: پلانەکە دەرفەتێكی باش دەداتە زۆرێک سەرمایەدارانی ڕووسیا بۆ وەبەرهێنان لە یەکێتی ئەوروپا بۆ فراوانکردنی هێزی کرێملین لە ئەوروپادا.
گوڵان: سەردار خەلیل
