بە پیادەڕۆیی ژیانت درێژتر دەبێت!
لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی گەورەی فەرمیی ئەمریكیدا هاتووە، كە پیادەڕۆیی ڕۆژانە لە تەمەنی 40 ساڵی و بەسەرەوەدا ئەگەری مردن بە هەموو هۆكارەكانی نەخۆشی لە 10 ساڵی پاشتر كەم دەكاتەوە. لە لێكۆڵینەوەكەدا باسی ئەمە كراوە كە ئەوانەی ڕۆژانە پیادەڕۆیی (12،000) هەنگاو ئەنجام دەدەن، جا پیاو یان ئافرەت و لە هەر تەمەنێكدا بن، ئەوا ئەگەری مردنیان بە نەخۆشیی جۆراوجۆر تا 65% كەم دەبێتەوە، كە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و كۆئەندامی دڵ و سووڕانیش دەگرێتەوە، هەروەها پیادەڕۆیی ڕۆژانە بۆ 8،000 هەنگاو ئەم ئەگەرە تاڕێژەی 51% كەم دەكاتەوە. ئەمەش ڕوونكراوەتەوە كە پیادەڕۆیی هەنگاوێكی كاریگەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش و باشتركرنی فرمانەكانی مێشك، لەگەڵ باشتركردنی توانای لەش بۆڕاگرتنی هاوسەنگیی فیزیكی لە زۆربەی جوولە و چالاكییە جەستەییەكاندا. پسپۆڕان جەخت دەكەنەوە كە هەر چەند زیاتر بجووڵێینەوە و كەمتر دابنیشین، ئەوا تەندروستتر و ژیانێكی درێژترمان دەبێت.
