نمایشی كاری دەستڕەنگینی و خشڵی كوردەواری

نمایشی كاری دەستڕەنگینی و خشڵی كوردەواری

گرووپی سارا لە كۆمەڵە كچێكی دەسترەنگین پێكهاتووە، ساڵانێكە لە زۆربەی شوێنە گشتییەكاندا نمایش و كاری ناوازە ئەنجام دەدەن، لەوانە كردنەوەی ڕەشماڵی كوردەواری، خشڵ و ئێكسسواری دروست كراو بە دەستی خانمانی كورد، چای خەڵووز و كوردەواری. گرووپەكە تا ئێستا بەشدارییان لە 10 فیستیڤاڵ و كردنەوەی زیاتر لە (25) نمایش لە چەندین شوێنی جیاوازدا كردووە، لەم بارەیەوە سەرۆكی گرووپەكە (سارا سوارە) دەڵێ: «ماوەی پێنج ساڵە ئەو كارە دەستییەمان هەیە، تا ئێستا 250 ئەندامان لە شارەكانی كوردستان و عێراق و لە وڵاتانی دەوروبەریش هەیە، گرووپەكەمان لە ڕێگەی دۆزینەوەی بەهرەی گەنج و كچانی دەسترەنگینەوەیە، تا بتوانین سوود لە كاراماییەكانیان وەربگرین و، بتوانن ببنە خاوەن كار و پیشەی خۆیان، كردنەوەی ئەو ڕەشماڵە لە شەقامی غەزالی، بۆ ئەوە بوو كە زۆربەی شوێنەكانی دیكە بۆ شتی مۆدێرن و تازەن، ئێمە بیرۆكەی دانانی كەرەستە و خشڵی كوردەواریمان بۆ هات، بە پێویستمان زانی نمایشێكی كولتوور و فۆلكلۆری دابنێن، ئەوەش بووە مایەی پێشوازیی خەڵك و، ڕۆژانە خەڵك سەردانی شوێنەكەمان دەكەن و كەرەستە و خشڵی كوردەواری دەكڕن، یان وێنەی لەگەڵ دەگرن، تەنانەت زۆربەی ئەوانەی دێن، خەڵكی بیانی و دەرەوەن، زیاتر بە كەرەستەكانمان سەرسام دەبن، ئێمە لەو گرووپە هەمیشە بیر لەوانەش دەكەینەوە كە لە ماڵدا كار دەكەن و، بەرهەمەكانیان نمایش دەكەین چ بۆ مەبەستی نمایش بێت، یان بۆ دیاری و فرۆشتن، هەر كەسێكیش نیازی كاركردنی لەگەڵ ئێمە هەیە دەتوانێت پەیوەندی بە گروپەكەمانەوە بكات، بۆئەوەی كارە دەستڕەنگینی و كارامییەكانی نمایش بكەین.

Top