ئایا خواردنەوەی قاوە لە نەخۆشیی شەكرە دەتپارێزێت؟
گەلێك لێكۆڵینەوە باس لەوە دەكەن كە خواردنەوەی قاوە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو كەم دەكاتەوە. لە دوایین لێكۆڵینەوەی وڵاتی سویددا هاتووە، كە تەنیا قاوەی فلتەركراو ئەم ئامانجە دەپێكێت و ڕیسكی تووشبوون كەم دەكاتەوە، توێژەرانی سویدی چەند ماددەیەكی ماركەری بایۆلۆژییان Biomarkers لە خوێندا دەسنتیشان كردووە پاش خواردنەوەی قاوەی جۆراوجۆر، پاشان ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەو كەسانەی ڕۆژانە دوو بۆ سێ كوپ قاوەی فلتەركراو دەخۆنەوە، بەراورد بەو كەسانەی كە ڕۆژانە كەمتر لە یەك كوپ قاوە دەخۆنەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو تا ڕێژەی 60% كەم دەبێتەوە. سوودەكانی دیكەی قاوە بریتین لە: هاندانی فرمانەكانی مێشك، سووككردنی نیشانەكانی خەمۆكی، تاودانی میتابۆلیزم و زیاتر سووتاندنی چەوری، كەمكردنەوەی ئەگەری نەخۆشیی ئەلزهایمەر و نەخۆشیی پاركینسۆن، باشتركردنی تەندروستیی جگەر بە پاراستنی لە ئەگەری مۆمبوون و شێرپەنجە. لە لایەكی دیكە زیاد خواردنەوەی قاوە واتە بڕی زیادی كافائین كە هۆكارە بۆ تێكچوونی خەو، پەستی، ناڕەحەتی، ناڕەحەتیی گەدە، دەستلەرزین Tremor، لەگەڵ زیابوونی لێدانەكانی دڵ.
