چۆن بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كاریــگەریی دەكاتە سەر ئەندامەكانی لەش؟
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت، لەوانەیە ببێتە ئەگەری چەند ئاڵۆزییەك كە مەترسی دەخەنە سەر ژیان. ئەو گرفتانەی كە لە ئەنجامی كۆنترۆڵ نەكردنی پەستانی بەرزی خوێن ڕوودەدەن، ئەمانەن: تێكدانی خوێنبەرەكان، بەتایبەتی ڕەقبوونی خوێنبەرەكان كە بریتییە لە نیشتنی چینێك چەوری لەسەر ناوپۆشی خوێنبەر، كە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوە و كەمبوونەوەی هاتووچۆی خوێن، بۆقكردنی خوێنبەر Aneurysm كە بریتییە لە لاوازبوونی دیوار و فراوانبوونی بەشێكی خوێنبەر، كە لەوانەیە ببێتە ئەگەر تەقین و خوێنبەربوون، ئەمەش زیاتر لە شاخوێنبەردا ڕوو دەدات، نەخۆشیی دڵ، یان نەخۆشیی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ CAD، نۆرەی دڵ كە حاڵەتێكە مەترسیی زۆری بۆ ژیان هەیە، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دەوروبەر، پەككەوتنی دڵ، گەورەبوونی قەبارەی دڵ، جەڵتەی مێشك Stroke، پەككەوتنی گورچيلە، گرفت لە چاودا، لاوازبوونی ئێسك چونكە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دەبێتە هۆی زیاد دەردانی كانزای كالسیۆم لە كۆئەندامی میزەڕۆدا، هەناسەتەنگی لەكاتی خەودا Sleep apnea.
