كێ پێویستیی بە ژەمی چوارەمی ڤاكسینی كۆڤید هەیە؟
سەنتەری ئەمەریكی بۆ خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیییەكان CDC جەخت دەكاتەوە، كە زۆربەی خەڵك پێویستیان بە ژەمی چوارەمی ڤاكسینی كۆڤید 19 نییە، بەڵام بۆ هەندێك كەس گرنگە. لە ئێستادا، پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەكەن كە وەرگرتنی ژەمی چوارەمی كۆڤید پەیوەستە بەوەی كە تا چەند بەرگریی لەشی كەسێك كزە، لەبەر چەند هۆكارێكی زانراوی وەكو نەخۆشیی ئایدز، تووشبووانی شێرپەنجە كە چارەسەری كیمیایی وەردەگرن، پاش نەشتەرگەریی گواستنەوەی ئەندامەكان، بەكارهێنانی بەردەوامی دەرمانە ستیرۆیدییەكان...تاد، بۆ ئەم حاڵەتانە ژەمی چوارەمی ڤاكسین پێویست دەكات، چونكە لەم حاڵەتانەدا ئاستی كاردانەوەی سستمی بەرگریی لەش بۆ خۆپاراستن لە كۆڤید19 بە وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسینی فایزەر، یان مۆدێرنا ناگاتە ئاستی پێویست، بۆنموونە: ماوەی چەند مانگێك یان زیاتر، بۆیە وەرگرتنی ژەمی سێیەم و چوارەم بۆ ئەم حاڵەتانە گرنگ و پێویستە. بە ڕای زانایان، لە ئایندەدا ژەمی ڤاكسینی چالاككەرەوە بە شێوەیەكی (دەوری) دەبێتە بەشێك لە خشتەی ڤاكسینی كۆڤید19.
