ڤیدیۆكانی لارین چوار ملیۆن بینینی تێپەڕاندووە
لارین منداڵێكی خەندە بەخش و قسە خۆشە، لە خۆشەویستی و شەنگیدا چەندین ئەكاونتی بەناوەوە دانراوە، تەنانەت زۆربەی قسە خۆش و گۆرانییەكانی لە تۆڕەكانی سۆشیاڵ میدیادا بڵاو دەكرێتەوە، لە لایەن باوك و دایكیەوە قسەی لەگەڵ دەكرێت و ئەویش بەو تەمەنە بچووكەوە قسەی گەورە و خۆش دەكات و بە گیتارەوە گۆرانی دەچڕێ، خاوەن جەماوەرێكی بەرچاوە لە تۆڕەكاندا، چەند پرسێكمان ئاراستەی باوكی لارین كرد، بەم شێوەیە وەڵامی گوڵانی دایەوە:
* لارین تەمەنی چەندە و لە كەیەوە هەستتان كردووە بەهرەی قسەی خۆش و گۆرانیگوتنی هەیە؟
- لارین ڕێباز لەدایكبووی 15-5-2018یە، واتا تەمەنی سێ ساڵ و نۆ مانگە، لە تەمەنێكی زۆر بچووكەوە توانای قسەكردنی بۆ دروست بوو، بەهۆی كەمیی تەمەنی و زیرەكییەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یەكەم كورتە ڤیدیۆیدا بینەرێكی زۆری هەبوو، كە تیایدا سەدان كۆمێنتی زۆر جوانی بۆ دەهات و باسیان لە جوانی و قسەخۆشیی لارین دەكرد، ئێستا لە سۆشیاڵ میدیادا بە لارین قسە خۆش ناسراوە.
* لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكانی لە سۆشیال میدیا و دەنگدانەوەی جەماوەر، لارین چ هەستێكی هەبوو؟
- لە ڕاستیدا كاتێك یەكەم كورتە ڤیدیۆی لارینمان دانا، چاوەڕوانی ئەو دانگدانەوە گەورەیەمان نەدەكرد، كە بووە هۆی خۆشحاڵیمان، هەر بۆیە بڕیارماندا بە قسە خۆشەكانی لارین خان، بەردەوام بین لە ڕاكێشانی سەرنجی بینەرێكی زۆر.
* ئەو قسانەی دەیكات پێی دەگوترێت، یان خۆی دەیكات؟
- لارین خۆی منداڵێكی زیرەك و قسەخۆشە، ئێمەش وەكو خێزانی ئەو یارمەتیدەرێكی باشین و هاوكاریی دەكەین لە قسەكردندا، هەر ئەم قسە خۆشانەی لە سۆشیال میدیا بووەتە هۆی ڕاكێشانی بینەرێكی زۆر.
* ئەو گۆرانییانەی دەیڵێتەوە، خۆی حەزی پێ دەكات، یان فێری دەكەن؟
- بێگومان ئەو گۆرانییانەی كە خۆمان زیاتر گوێ لێ دەگرین، ئەویش لەگەڵ خۆماندا گوێبیستیان دەبێت و دەیڵێتەوە، بەدەر لەمانەش، كۆمەڵێك گۆرانیی منداڵانیشی گوتووەتەوە.
* دەتەوێت لە داهاتوو لارین ببێت بە چی؟
- وەك خێزانی لارین، حەز دەكەین لە داهاتوودا پەرە بە بواری خوێندن بدات، ئینشائەڵا هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوە دەبێت كە لە داهاتوودا وەك كەسێكی ئاسایی خۆی بڕیاردەری ژیانی خۆی بدات، لەو بوارەی كە خۆی دەیەوێت.
* چەند فۆلۆوەر و جەماوەری هەیە لە سۆشیال میدیا؟
- جێگەی شانازییمانە كە لە هەر چوار پارچەی كوردستان بینەر و جەماوەری لارین هەن، كە لایك و فۆلۆوەرزی لارین خانن، بۆ نموونە لە تیكتۆكدا 133 هەزار فۆلۆوەرزی هەیە، لە ئینستگترامیش نزیكەی 15 هەزار و، زۆرترین بینەری ڤیدیۆی لارین چوار ملیۆن بینینی تێپەڕاندووە.
* هیچ داواكاری بۆ ڕیكلام و سپۆنسەر بۆ لارین هاتووە؟
- بێگومان بەردەوام دەبین و هاوكاریی دەكەین، تا ئەو كاتەی خۆی دەیەوێت، وەكو ڕێكلامیش داواكاریی زۆرمان بۆ دێت، ئێمەش بەپێی توانا ڕێكلامی بۆ دەكەین، بەڵام وەكو سپۆنسەر تا ئێستا هیچ سپۆنسەرێكمان نییە، ئەگەر هەبێت كاری لەگەڵ دەكەین.
