دیزاینەر گۆران ڤاناس: وەك بڕاندێكی كوردی لەسەر ئاستی جیهان جلەكانمان نمایش كردووە
جلوبەرگ و فاشیۆن جیهانێكی جیاوازە، لە سەراپای جیهاندا دیزاینەران بە كارە جوانەكانیان ستەیجەكانی نمایش و بازاڕەكان بە بەرهەمە شیكەكانیان دەڕازێننەوە، دیزاینەران وەك ئەندازیاران كارێكی ئەستەم دەكەن، چونكە ماندووبوونێكی زۆری دەوێت تا دیزاینی جلێك دەكەیت و پاشان بەرهەمێكی جوانی لێی دەردەچێت، كە سەرەتا لە نمایشەكان ئامادە دەكرێن، پاشان دەخرێتە بازاڕ و بەر دەستی خانمان. لە كوردستان چەند دیزاینەرێكی جلوبەرگ هەڵكەوتوون و یەكێك لەوانە (گۆران ڤاناس)ـە لە ڤاناس مۆدەوە و، لە چەند پرسیارێكدا بەم شێوەیە وەڵامی گوڵانی دایەوە:
* دیزانی جلوبەرگ، چۆن پێناسە دەكرێت؟ ئایا زانست و هونەرە، یان حەز و ئارەزووە؟
- حەز و ئارەزووە، بەڵام بەلای منەوە هونەرە، چونكە لە ڕاستیدا زۆر هونەری پێ دەكرێت، بۆ نموونە نمایشكردن لەو كاتانەی كە كارێكی بزنست هەیە و دەتەوێت بە دەستی بهێنیت، پێویستە جلەكانت نمایش بكەیت و سەرنجی كەسی بەرامبەر ڕابكێشیت.
* دیزاینەكان، چۆن كاریگەرییان لەسەر گۆڕینی جوانی و شیكیی جلەكان دەبێت؟
- دیزاینەكان بەپێی قوماش كاریگەرییان بۆ شیك دەركەوتن هەیە، بەڵام پێویستە دیزاینەر بە باشی و بە پێی قوماشەكان دیزاین بكات.
* لە ئێستادا چ جۆرە دیزاینێكی جلوبەرگ زیاتر لە كوردستان و جیهان باوە؟
- بە گشتی جیهان بەسەر دوو بەشدا دابەش كراوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵات زیاتر حەز بە شتی قەرەباڵغ دەكەن و، وڵاتانی ڕۆژئاواش زیاتر ئارەزووی شتی سادە دەكەن.
* دیزاینەكانت لە كوێیەوە سەرچاوە دەگرن، بیرۆكەی خۆتن، یان وەری دەگریت و دەستكارییان دەكەیت؟
- دیزاینەكان 100%هی خۆمن، بەڵام زۆر كەس دێت و دەڵێت شتێكم بۆ درووست بكە وەك ئەم مۆدێلە بێت، ئەوە كۆپیی دیزاینی پێ دەڵێن و، بەو شێوەیە دروستی دەكەین، واتە لەسەر داواكاریی خەڵكە.
* چ جۆرە دیزاین و مۆدێكی جلی كوردی و بووك لە كوردستان باوە؟
- دەربارەی جلی كوردی زۆر جار ئێمە گۆڕانكاریی تیایدا دەكەین، چونكە مەجالی زۆر لە گۆڕانكاریدا هەیە، واتە دەتوانین دیزاین و شێوەیەكان دووبارە چاك بكەینەوە.
* خانمان زیاتر حەزو ئارەزوویان لە دیزاینی خۆمانەیە، یان بیانی؟
- دەتوانم بڵێم لە ئیستادا زیاتر حەز لەو دیزاینانە دەكەن كە خۆمان دروستی دەكەین، كەواتە زیاتر حەز بە دیزاینی خۆمان دەكەن.
* چەند ماوە پێویستە بۆ دیزاین و دروستكردن و دوورینی جلێیكی بووك، یان عەزیەیەكی بۆنەكان؟
- ئێمە لە ڕۆژێكدا شەش مۆدیل دروست دەكەین، واتە لە هەر كاتژمێر و نیوێكدا مۆدێلێك دروست دەكەین.
* ئایا هیچ خولێكی تایبەتت كردوەتەوە، یان لە وۆركشۆپ و فیستیڤاڵەكاندا بەشداریت كردووە؟
- وەكو خول هیچ خولێكم نەكردووەتەوە، بەڵام زۆر كەس لای ئێمە فێر دەبن، بەڵێ، لە زۆربەی فیستیڤاڵەكاندا و، بگرە لە درەوەی وڵاتیش لەسەر ئاستی جیهانی و وەك براندی كوردی بەشداریمان كردووە، كەرەستە و جلەكانمان بە بیرۆكەی خۆمان دروست دەكەین، كەواتە هەمووی خۆماڵین.
