كۆنترین ئوتێلەكانی كوردستان
كۆنترین ئوتێلی هەولێر (فندق فەڕەح) بووە كە دەكەوتە سەر چایخانەی مەچكۆی ئێستا، ئەگەر تەمەنی ئەو چایخانەیەش لە بەرچاو بگرین، كە لە ساڵی 1940 پیاوێك بە ناوی (مام مەجید) دایمەزراندووە، ئوتێل (فەڕەح) لە دوای كردنەوەی ئەو چایخانەیە دروستكراوە. ئوتێل فەڕەح تا ساڵانی حەفتاكانیش مابوو، دیمەنی ئەو ئوتێلە ئەوەندە دڵگیر و جوان بوو، بەتایبەتی لە هاویناندا كە لە دوورەوە قەرەوێلەكانیان بە سەرچەفی سپییەوە دەدرەوشانەوە، چونكە ئوتێلەكە سیاجی نەبوو، هەر لە دوورەوە ناوەوە و حەوشەكەی دیار بوو، لەساڵی شەستەكان ئوتێل (سندباد) دامەزرا، كە دەكەوتە ڕیزە دوكانەكانی تەنیشت مزگەوتی ناو باغی شار، بە شەقامی (فندق سندباد) ناسرا بوو، ئوتێلێكی دیكە بە ناوی (شەهرەزاد)، دواتر ئوتێل (لبنان) كرایەوە، كە لە پەنجاكان دروست كرابوو، ئوتێلێك هەبوو لە وێستگەی شەمەندەفەر (رێستهاوس) ئەویش تایبەت بوو بە مێوانانی بیانی و پیاوە گەورەكانی دەوڵەت، كە سەردانی هەولێریان دەركرد، دواتر ئوتێلی (ئەربیل) لەلایەن دزییەكانەوە كرایەوە، پاشان ئوتێل سەفین لە بەرامبەر ئۆرۆزدی كرایەوە، دواتر ئوتێلی سەمیر ئەمیس كە تا ئێستاش ماوە لە شەقامی باتا پێگەیەكی گرنگی هەبوو، پاش چەند ساڵێك و دوای ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی بەسەر هەولێردا هات، چەندین ئوتێلی مۆدێرن دروست كران، لەوانە: هەورامان، زەیتوونە، شیراتۆن، فەرید، ڕۆتانا و دیڤان و.. هتد، جاران ڕێگە نەدەدرا خەڵكی هەولێر لە ئوتێلەكان بخەون، چونكە جێگەی گومان بوو، تا دواتر لە ئوتێلەكان داوای ناسنامە لە خەڵك دەكرا، لە نەوەدەكانەوە ئوتێلەكان بۆ بووك و زاوا تەرخان كران، واتە ئەوانەی بووك و زاوای تازە بوون لە ئوتێلەكان دەمانەوە، بۆ كاتی گواستنەوە، پاشان ئوتێلەكان بوونە شوێنی گەشتیاران و كەسانی بیانی و تەنانەت ئێستاش سەدان ئوتێل هەن، كە هەندێكیان وەك شوێنی مانەوە بە مانگانە هەن، پاشان مۆتێلەكانیش پەیدا بوون، كە تەواوی كەرەستە و كەل و پەلی مانەوەی تێدایە.
