كراسی بووك لە مۆدی باڕبی
مۆدەكانی جلی بووك لە كوردستان و جیهان، لەگەڵ شێوازە تازەكاندا كاری نەخش و نیگاری بۆ دەكرێت، تا بە خواستی ئەو خانمانە بێت كە زەماوەندی هاوسەرییان هەیە، كراسی بووك پێویستی بە شێوازێكە كە ناو و هێمای هەبێت، بۆ ئەوەی خانمی بووك بە سانایی هەڵیبژێرێت. مۆدی كراسی بووك لە شێوازی باڕبی، واتە بووكەشووشە، یەكێكە لە مۆدە تازەكانی ساڵی 2022 كە لەلایەن ڤاناس مۆدە لە شاری هەولێر ئامادە كراوە، ئەو شێوازە لایەن دیزاینەر (گۆران ڤاناس) كاری نەخش و ئامادەكاریی بۆ كراوە، بە كراسی پڕ خشڵ و نەخش دەناسرێـت، كە بەشی پێشەوەی بە دانتێلە و موور و كریستاڵ ڕازاوەتەوە و، تەواوی كراسەكە بە نەخش و نیگار داپۆشراوە، بۆ ئەوانەیە كە حەز بە جلی بووكێنیی نەخشدار دەكەن، كراسەكە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش لە خۆ دەگرێت، داواكاریی زۆریشی لەسەرە، بە تایبەت ئەوانەی خواستیان بە كراسی سادەی بووك نییە، كراسەكە لە بەشی سەرەوە تەسكە و بەرەو خوارەوە فراوان دەبێت، لە بەشی كەمەردا تەواو تەسك دەبێتەوە، شێوەكەی بەم چەشنەیە تا خانمی بووك لە شێوەی باڕبییەكی بچووك و نازدار دەر بكەوێت، بەجۆرێك شانەكانی ڕوون و دیارن، واتە داپۆشراو نییە، بۆ ئەوانەش كە دەیانەوێت كراسەكە ڕوون نەبێت، جۆری داپۆشراو هەیە، كراسەكە لە كوردستان و بە دەستی دیزاینەرانی كورد دروست دەكرێت.
