جۆ بایدن: کوژرانی سەرکردەی داعشی ڕاگەیاند
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە باکووری سوریا، سەرۆکی گروپی دەوڵەتی ئیسلامیی سوریا ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەشی کوژراوە.
جۆ بایدن ئەوەشی خستەڕوو، کە هەموو ئەو سەربازە ئەمریکیانەی بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکەیان كرد سەلامەتن و بەنیازیشە دواتر لە دەرفەتێكدا سەبارەت بەم ئۆپەراسیۆنە قسە بۆ گەلی ئەمریکا بکات.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی دووپاتیکردەوە، کە سەرکردەی داعش لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەی کە خۆی ئەنجامی داوە گیانی لەدەستداوە. هەر ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: کە سەرکردەی داعش لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمەریکا بۆمبێکی تەقاندەوە کە خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی کوشتووە و ژن و منداڵیشیان تێدایە.
هێزەکانی ئەمریکا پێش بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 3ی شوبات بە هەلیکۆپتەر گواسترانەوە بۆ شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە، ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی ڕابردوو گرنگترین کرداری سەربازی ئەمریکا بوو لە سوریا لە دوای کوژرانی ئەبو بەکر بەغدادی سەرکردەی پێشووی داعش.
لە تشرینی یەکەمی 2019 ئەبو ئیبراهیم هاشمی ئەلقوڕەشی یەکێک بوو لە جێبەجێکارانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی کورد لە عێراق.
گوڵان: سەردار خەلیل
