وەزیری دەرەوەی کوێت سەردانی بەیروتی كرد بۆ "دووبارە دروستکردنەوەی متمانە"
وەزیری دەرەوەی کوێت ڕۆژی شەممە( 22ی کانوونی دووەم ) ڕایگەیاند: کە لە بەیروت بووە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانە لەگەڵ لوبنان و نیشاندانی هاوهەڵوێستی لەگەڵ خەڵکەکەی و ئەوەشی خستەڕوو، کە گەشتەکە لەگەڵ وڵاتانی دیكەی کەنداوی عەرەبی ڕێكخراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، شێخ ئەحمەد ناسر محەمەد سەباح وەزیری دەرەوەی کوێت دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی لوبنان ئەو لێدوانەی دا، كە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی کوێت بۆ بەیروت یەکەم سەردانی گەورە بەرپرسێکی باڵای کەنداوی عەرەبە بۆ بەیروت دوای قەیرانی دیپلۆماسی كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەو وڵاتانەی تەنگەتاو كردووە.
پەیوەندییەكان لە دوای ئەوەی وەزیری پێشووی زانیاری لوبنان رەخنەی لە سعودیە گرت بە هۆی ڕۆڵی لە شەڕی یەمەندا، سعودیە و بەحرەین و ئیمارات و کوێت لەوەڵامدا باڵیۆزەکانیان لە بەیروتەوە كشاندەوە و ڕیازیش هەموو هاوردەیەکی لوبنانی قەدەغە کرد.
وەزیری پێشووی زانیاری لوبنان لە 4ی تشرینی دووەم دەستی لەکارکێشایەوە بۆ زەمینە خۆشكردنی هاوکاری بۆ حکومەتی لوبنان.
دوای دەستلەکارکێشانەوەکەی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان شازادەی سعودیە و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کرد کە سەردانی ڕیازی کردبوو .
سەرۆک وەزیرانی لوبنان ئەو پەیوەندییەی بەهەنگاوێکی گرنگ ناوبرد بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە( 23ی کانوونی دووەم ) وەزیرانی دەرەوەی کوێت و لوبنان کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن.
گوڵان: سەردار خەلیل
