نەخش و نیگاری سەر دەست و دەموچاو داواكاریی زۆری لەسەرە

نەخش و نیگاری سەر دەست و دەموچاو  داواكاریی زۆری لەسەرە

نەخش و نیگاری سەر دەست و مەچەك و ڕوخسار، جاران وەك نەریتێكی باوی نێو ئافرەتان بە گشتی هەبوو و، پیاوانیش بەشێكی جەستەیان بە خاڵكوتین و نەخش و نیگار بەهۆی خەنەوە دەڕازاندەوە، كە ئەوەش بە بەكارهێنانی دەرزی و كلی چاوان دروست دەكرا، دواتر نیشانەكە، یان نەخشەكە بە ڕەنگێكی سەوز خۆی نیشان دەدا، ئێستا ئەو نەریتە كۆنە بووەتە تاتۆ، كە بەشێك لە گەنجان بۆ جوانی پەنا دەبەنە بەر تاتۆ، جگە لەوەش هونەرێكی دیكەی دەستڕەنگینی ئافرەتان هەیە، كە نەخش و نیگارە لەسەر دەست و ڕوخسار و جەستە.

خاتوو (مەهاباد مووەفەق) كە دەرچووی كۆلیژی هونەرەجوانەكان بەشی دیزاینە دەڵێت: نەخشی سەر دەست و مەچەك و ڕوخسار بۆ مەبەستی ڕازاندنەوە و جوانكاری بەكار دێت، كە شتێكی ناسكە لە جوانیدا، ئەوانەی كە زیاتر خولیای نەخش و نیگارن، ئەوانەن كە بەهرەیان هەیە، من وەك خولیا و حەزێك ئەو كارە دەكەم، ئەو ماددەیەی بەكاری دەهێنم بۆ نەخشكردن (خەنە)یە، كە بۆ ماوەی هەفتەیەك لەسەر پێست، چ ڕوخسار یان دەست و مەچەك دەمێنێتەوە، جیاوازیی ئەو نەخشە لەگەڵ تاتۆ ئەوەیە كە هەمیشەیی نییە، بەڵام تاتۆ بۆ ماوەیەكی زۆرە و لاناچێت، ڕەنگە هەبێت لێی پەشیمان ببێتەوە، بەڵام ناتوانێت، ئەم جۆرە نەخشە كە بە خەنە دەكرێت جەماوەرێكی زۆری هەیە و لە تاتۆ زیاتر باوترە، چونكە شتێكی ناسكە و ئاساییە، خەڵكیش زیاتر داوای نەخشی گوڵ و شێوەی ئەستێرە و مانگ و باڵندە و گیانداران دەكەن، تا لەسەر دەست و مەچەكیان بنەخشێندرێت.

Top