بەسمەی شازادە سعودی دوای سێ ساڵ ئازاد کرا
شازادەی سعودی بەسمە ئالسعودی و کچەکەی دوای نزیکەی سێ ساڵ زیندانیكردن لە زیندانێکی ئەمنیی باڵا بەبێ هیچ تۆمەتێک ئازاد کران.
بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی بی بی سی، شازادە بەسمەی سعودی لە مانگی ئازاری 2019 لە کاتی گەشتکردن بۆ سویسرا بۆ چارەسەری پزیشکی دەستگیرکرا، لە کاتێکدا هۆکاری دەستبەسەرکردنی خۆی و کچەکەی نەزانراوە.
هەندێک پێشبینی دەکەن کە دەستبەسەرکردنی بەسمە ئالسعودییە لەوانەیە پەیوەندی بە پشتگیری ئەوەوە هەبێت لەسەر پرسە مرۆییەکان و هەموارکردنەوەی دەستووری، لە ساڵی 2020دا خێزانەکەی لە لێدوانێکیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیان: کە پێدەچێت دەستبەسەرکردنەکە بەهۆی ڕەخنەی ئاشکراوە بێت.
شازادە تەمەن 57 ساڵەكە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا داوای ئازادکردنی لە شا سەلمان و شازادەی سعودی محەمەد بن سەلمان کرد بەهۆی کێشەی جەستەییەوە، بەڵام هیچ سوودێكی نەبوو.
گروپێکی چالاکوانی مافی مرۆڤی سعودیە لە تویتەر بڵاوی كردەوە كە شازادەی سعودییەی ئازادكراوە و لە ماوەی زیندانیکردنیدا ڕێگری لە چاودێری پزیشکیی كراوە و لە هیچ خاڵێکی دەستبەسەرگرتنیدا تۆمەتێكی لەسەر تۆمار نەكراوە .
بەسمە بچووكترین کچی پاشای سعودییە کە لە نێوان ساڵانی 1953 و 1964 فەرمانڕەوایی سعودیەی کردووە.
كاری چەندین ساڵەی شازادە بەسمە لە بواری مافی مرۆڤ و نەهێشتنی جیاکاری دژی ژنان و چاکسازیی یاسایی ئەوی كردووەتە کەسایەتییەکی ناسراو لە چالاکییە مەدەنییەكان لە نێوان بنەماڵەی پاشایەتی سعودییەدا. لە ساڵی 2016دا چالاکوانێكی چاکسازی دەستووری بوو و لە نووسینەکانیدا ڕەخنەی توندی لە پرسە هەستیارەکانی کۆمەڵگای سعودییە وەک مافەکانی ژنان و پرسە ئاینییەکان دەربڕیوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
