لەزگەی ڤیتامینی

لەزگەی ڤیتامینی

لەزگەی ڤیتامینی Vitamin patches بەم دواییە لە گەلێك وڵاتدا لەجیاتی دەرزی و كەپسوول بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی بەكار دەهێنرێت و، لەوانەیە كە ببێتە جێگرەوەیەكی باش بۆ وەرگرتنی ڤیتامیەنەكان بە ڕێگای دەم و كۆئەندامی هەرس، یان بە ڕێگای دەرزی، بەڵام تا ئێستا ئاژانسی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی FDA بڕیاری لەسەر بەكارهێنانیان نەداوە، چونكە هێشتا بەڵگەی زانستیی تەواو سەبارت بە كاریگەری و سەلامەتیی ئەو جۆرە لەزگەیەلە بەردەستدا نییە. بەكارهێنانی لەزگەی ڤیتامینی زۆر ئاسانە، نرخی گونجاوە، هیچ جۆرێك شەكری تێدانییە، هەروەها زۆر گونجاوە بۆ ئەو كەسانەی كە حەز بە وەرگرتنی ڤیتامین و كانزاكان لە ڕێگای دەم، یان دەرزی ناكەن، پاشان بۆ پیرەكانیش گونجاو ترە، چونكە لەگەڵ بەساڵاچووندا توانای هەڵمژینی ڤیتامین و كانزا و ماددە خۆراكییەكانی دیكە لە كۆئەندامی هەرسدا كەم دەبێتەوە، هەروەها گونجاوە بۆ ئەو كەسانەی كە گرفتیان لە كۆئەندامی هەرسدا هەیە، وەك گرژبوونی كۆڵۆن، یان گرفتی هەڵمژین لە ڕیخۆڵەدا. ڤیتامینەكان بە ڕێگای لەزگە بەرە بەرە و ڕاستەوخۆ هەڵدەمژرێنە ناو خوێن، بێ ئەوەی كە بە گەدە و جگەردا تێپەڕن. بەر لە لكاندنی لەزگەی ڤیتامینی پێویستە كە پێست بە باشی پاك بكرێتەوە ئینجا وشك بكرێتەوە، دەتوانرێت لەزگەكە لە پێستی سینگ، بەشی دەرەوەی قۆڵ، شان، بەشی خوارەوەی سك، یان پشت بدرێت و بۆ ماوەی هەشت كاتژمێر بمێنێتەوە.

Top