وەزارەتی دەرەوەی ئێران: نیازمان نییە دان بە حكومەتەكەی تاڵیباندا بنێین
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە هەواڵێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە حکومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دووپاتیکردەوە کە تاران بە نیاز نییە لە ئێستادا دان بە حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا بنێت، داواشی لە بزووتنەوەی تاڵیبان کرد کار لە پێناو بە دەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بکات.
لەم سۆنگەوەو هەر پەیوەست بەم هەواڵە سەعید خەتیبزاد گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە تاران نیازی نییە بەم نزیکانە بە فەرمی دان بە حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا بنێت.
ناوبراو زیاتر دەڵێت: وڵاتەكەی هیوا دەخوازێت كە بزووتنەوەی تاڵیبان کە لە ئەفغانستاندا دەسەڵاتدارە، بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاوبنێت کە بەهۆیەوە تاڵیبان بتوانێت دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ خۆی بەدەست بێنێت، سەعید خەتیبزاد هەڵوێستی وڵاتەكەی دووپاتکردەوە کە داوای پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بۆ ئەفغانستان دەکات کە ڕەنگدانەوەی نەژادی و دیمۆگرافی تێدا بەدی بکرێت.
جێگەی باسە ئێران خاوەنی سنوورێکی (900) کیلۆمەترییە لەگەڵ ئەفغانستاندا، لە ساڵانی 1996 تا 2001 کە تاڵیبان فەرمانڕەوای ئەفغانستان بوو ئەو کاتەش دانیپێدا نەنابوو.
