نۆ گورگ لە باخچەیەكی ئاژەڵان لەفەڕەنسا ڕادەکەن
گۆمەڵێک گورگی سەر بە باخچەیەكی ئاژەڵانی کێوی لە باشووری فەڕەنسا بە هۆی نادیارەوە لە باخچەكە هەڵاتن.
دەسەڵاتداران بە ناچاری چوار گورگیان کوشت و پێنج گورگی دیکەشیان بە بەکارهێنانی بێهۆشی گرتەوە.
باخچەی ئاژەڵانی ترویس ڤالیس کە نزیکەی ٦٠ هێکتار دەگرێتەوە، زیاتر لە ٦٠٠ ئاژەڵی هەیە کە ٧٠ جۆرن لەنێو ئاژەڵە ڕاوکەرەکان و پشیلە گەورەکان، هەروەها چەندین گۆمەڵە گورگ، لەم ناوچە پارێزراوە تایبەتەدا دەژین.
بەڵام لە ڕۆژی هەینی 24ی کانوونی یەکەم - لە ئێوارەی جەژنی کریسمەس - ڕاگەیەنرا کە باخچەی ئاژەڵانی کێوی بەهۆی هەڵاتنی نۆ گورگەوە داخراوە. خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی کێوی پەیوەندی بە بەرپرسانی حکومەتەوە کرد، بۆ ئەوەی گورگەكانی دیكە بە ڕێگای بێهۆشكردنیانەوە بیان گرنەوە.
ڕوون نیە کە چی ڕوویدا لە باخچەی کێوی، بەڵام خاوەنەکەی گوتی: هیچ مەترسییەک نییە بۆ سەردانیکەرانی باخچەی کێویی ترویس ڤالیس.
نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا بە بڕیاری حکومەت داخرا، لەبڕیارەكەدا هاتبوو کە رێنماییەکانی سەلامەتی لە باخچەكەدا جێ بەجێ ناكرێت و سەلامەتی کارمەندان و سەردانکەران و ئاژەڵەکان لە مەترسیدایە.
بەڵام بە بەدواداچوونی یاسایی خاوەنی باخچەكە حوکمی حکومەتی هەڵگەڕاندەوە و نزیکەی مانگ و نیوێک پێش ئێستا باخچەكەی بۆ سەردانکەران کردەوە.
لە ئێستادا، لە سایتی ئینتەرنێتی باخچە کێویی ترویس ڤالیس تەنیا نووسراوە باخچەكە تا ناوەڕاستی کانوونی دووم داخراوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
