زیانە شاراوەكانی كێشانی ڤەیپ
زیانە شاراوەكانی كێشانی ڤەیپ
كێشانی ڤەیپ Vapingچەندین جۆری هەیە، بریتییە لە ئامێرێك بۆ گەرمكردنی شلەیەكی كیمیایی، كە بە شیرەی e-juice، یان شلەی e-liquid ناسراوە. ئەم شلەیە لەوانەیە كە جگە لە نیكۆتین كە زیانە تەندروستییەكانی زانراون، ماددەی دیكە لەخۆبگرێت، كە زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، بۆنموونە دای ئەسیتیل Diacetyl و فۆرمەلدیهاید Formaldehyde كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی سییەكان و شێرپەنجەی سییەكان زیاد دەكەن، هەندێك شلەی دیكە ماددەی كیمیایی بۆ بەخشینی چێژ و بۆن لەخۆ دەگرن، كە تەنانەت ئەگەر نیكۆتینیشیان تێدا نەبێت، هێشتا كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر DNA ی ناو خانەكانی لەش و، خانەكانی ناوپۆشی بۆڕییەكانی خوێن. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئەو ماددە كیمیاییانەی چێژ و بۆنی دارچین و نەعناع دەبەخشن، زیانی جۆراوجۆر بە تەندروستی دەگەیەنن، هەروەها كانزاكانی قوڕقوشم، نیكل، كرۆم، هەروەها زەرنیخ Aesenic لە كۆیلەكانی ئامێری قەیپ كە شلەكە گەرم دەكەن، بەدی كراون، هەڵمژینی ئەم كانزایانە پەیوەندی بە نەخۆشییەكانی جگەر و سییەكانەوە هەیە، سەرەڕای گرفت لە سیستمی بەرگریی لەش و خانەكانی مێشك و ئەگەری تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە.
