كۆڤید19 و وشكبوونی چاو
نزیكەی 80%ی تووشبووانی كۆڤید19 بە سووكی تووشی دەبن و باوترین نیشانەكانیان بریتین لە كۆكە، بەرزبوونەوی پلەی گەرمیی لەش، لەگەڵ هەستكردن بە ماندووبوون، بەڵام لەوانەیە كە نیشانەی دیكەش سەر هەڵبدەن، بۆنموونە: گرفت لە چاودا، كە لە نزیكەی 89%ی حاڵەتەكاندا بەدی دەكرێت، وشكبوونی چاو Dry eyes یەكێكە لەم گرفتانە، هەرچەندە تائێستا هۆكاری وشكبوونی چاو لە تووشبووانی كۆڤید19 دا بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام لەوانەیە هۆكار بوونی ئەنزیمی ACE2 لە خانە ڕووپۆشەكانی ڕووی چاودا بێت، كە هاندەرە بۆ چوونە ژوورەوە و جێگیربوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، لە ئەنجامی كاردانەوەی سستمی بەرگریی لەش، وشكبوونی چاو نیشانەیەكی سەرەكی نییە لەكاتی تووشبوون بە كۆڤید19، زیاتر لەگەڵ نیشانەكانی هاوشێوەی هەڵامەتدا لە هەندێك تووشبوودا بەدی دەكرێت. بە گوێرەی چەند ڕاپۆرتێكی پزیشكی، یەك لە هەر 10 كەسی تووشبوو بە كۆڤید19 دوچاری وشكبوونی چاو دەبن، وشكبوونی چاو، یان هەستكردن بە بوونی تەنی بیانی لە چاودا، باوترین نیشانەیە لە چاودا، كە هاوكات بێت لەگەڵ تووشبوون بە كۆڤید19.
