ئاڵۆزییەكانی كۆڤید19 لە ئافرەتدا
پەتای كۆڤید19 چەند مەسەلەیەكی گرنگی تایبەت بە لایەنی زاوزێی ئافرەت وروژاندووە، بۆنموونە لەكاتی دووگیانیدا چۆن كاریگەریی دەكاتە سەر دایك و كۆرپە؟ گرفتەكانی پاش چاكبوونەوە چین؟ ئایا دەبێتە ئەگەری نەزۆكیی ئافرەت؟. توێژینەوەكان ئەمەیان ڕوون كرووەتەوە كە ئافرەتی دووگیان ئەگەری تووشبوونی بە كۆڤید 29 لە كەسانی دی زیاترە، ئەگەرچی زۆربەی تووشبووان بێ نیشانەن، یان نیشانەی سووكیان هەیە، بەڵام ئەگەری چەند ئاڵۆزییەكان لێ دەكرێت وەك: لەدایكبوونی پێشوەختە، مردنی كۆرپە لەكاتی لەدایكبووندا، ژاراویبوونی دووگیانی Pre-eclampsia، هەروەها مەیینی خوێن لەبەر سستنبوونی هاتووچۆی خوێن لە ناو بۆرییەكانی خوێندا. جگە لە نیشانە زانراوەكانی كۆڤید19، چەند گرفتێكی تەندروستی پاش تووشبوون بە كۆڤید19 Post-Covid لە ئافرەتدا تۆماركراون، بە شێوەی: زوو ماندووبوون، ئازاری گشتیی لەش، خەوزڕان، گرفت لە هەناسەدا، سەرسووڕان، ناڕێكبوونی سووڕی مانگانە، پەستی و خەمۆكی، بەتایبەتی پاش خۆجیاكردنەوە و مانەوە لەماڵ لەكاتی تووشبوون بە كۆڤید19، هەروەها تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان. پسپۆڕان جەختیان لەمە كردۆتەوە كە تووشبوونی ئافرەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەرگیز ڕاستەوخۆ نابێتە ئەگەری نەزۆكی، مەسەلەی كاریگەریی توشبوون بە كۆڤید19 لەسەر كۆئەندامی زاوزێی ئافرەت، پێویستی بە خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە.
