شەقامی غەزالی و شانزەلـیزێی فەرەنسا
ئارامی و خۆشیی ژیان لە هەرێمی كوردستان وایكردووە كە خەڵك بە خۆشی و شادی ژیانی ڕۆژانە بەڕێ بكەن، كولتووری دەرچوونی شەوانە بۆ شوێنە گشتییەكان لەلایەن خەڵكەوە لە مێژێنەیە و، تا ئێستا چەندین شوێنی گشتیی شەوانە هەن، كە خەڵك ڕوویان تێ دەكەن، جگە لە مۆڵ و كافێی و ڕێستورانتەكان، هەروەها شوێنی میللی بۆ دانیشتن و چا نۆشكردن هەن، لە تەواوی شارەكانی كوردستان ئەو كولتوورە هەیە و خەڵك بە ئارامییەوە شەوانە ڕوو لەو شوێنانە دەكەن. یەكێك لە شەقامە چڕ و ئارامەكان شەقامی ئیسكانی هەولێرە، كە زیاتر ڕەگەزی نێر ڕووی تێ دەكەن، بەڵام هەر لە شاری هەولێر شوێنێكی دیكەش هەیە كە ماوەی ساڵێكە كراوەتەوە و، لە نێو خەڵكدا بە ئیسكانی كچان ناسراوە، كچانیش وەك كوڕان ئەو شوێنەیان بۆ خۆیان تەرخان كردووە، ئەگەرچی كوڕانیش دەچن، بەڵام ڕێژەی خانمان زیاترن، ئەو شوێنە بە ناوی شەقامی غەزالییە و دەكەوێتە نزیك شارۆچكەی عەنكاوە، كە بریتیین لە كۆمەڵێك دوكان و كافێ و ڕیستۆرانت و شوێنی دانیشتن، كە بە بازاڕێكی مۆدێرن و سەردەمییانە دەناسرێت، هاوشێوەی شەقامی شانزیلیزەی فەرەنسا كە دەكەوێتە پاریسی پایتەخت و درێژییەكەی دوو كیلۆمەتر دەبێت، بەگشتی لەو شەقامەشدا شەوانە خەڵ چ وەك خێزان و چ وەك تاك ڕوو لەو شوێنە دەكەن بۆخواردنەوەی چای و قاوە و كات بەسەربردن و وێنەی یادگاری. ئەو شەقامە نزیكەی زیاتر لە 30 كۆفیشۆپ و ڕیستۆرانت لە خۆدەگرێت، هەروەها چێشتخانەی هەڵواسراو چێشتخانەی فرۆكەش دوو جوانترین و مۆدێرینترین چێشتخانەن، كە لەو شوێنەدا بەدی دەكرێت، درێژیی شەقامەكە كیلۆمەترێك دەبێت، جگە لەوەی شوێنێكە بۆ دانیشتن گونجاوە، هەروەها بۆ پیاسە و ڕۆیشتن لەو شەقامەدا هەنگاوێكە بۆ وەرزش و هەوا گۆڕین.
