شوێنەوارناسان گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەردەمی پێش کۆلۆمبیا لە پێرۆ دەدۆزنەوە
شوێنەوارناسان گۆڕێکی بەکۆمەڵی کۆنیان دۆزیوەتەوە کە ئاسەواری ژمارەیەک لە دانیشتوانی سەردەمی پێش کۆلۆمبیا لە پێرۆ لەباکووری وڵات لەخۆ دەگرێت.
بە وتەی ئەندامێکی تیمی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسانی ئەو دۆزینەوەیان ئەنجام داوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە قەڵای چان چان لە باکووری شاری لیما پایتەختی پێرۆ دۆزراوەتەوە.
فرانس پرێس ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە لە زاری تیمی شوێنەوارەوە هاتووە کە لەم گۆڕە بەکۆمەڵەدا جگە لە پاشماوەی 25 پیاو و ژن و منداڵ کە لەو ناوچەیە دەژیان، دەیان قاپ و کەلوپەلی سیرامیک و شتی وەک دەرزیی بەکارهاتووی چنین و چەندان شتی تر لەو شوێنە دۆزراونەتەوە.
چان چان ناوی قەڵایەکی سەر بە کەلتووری "چیمۆ"ـە ، بە واتای "خۆری درەوشاوە" دێت ، کە بە میراتێکی کۆنی ئەم کلتورە دادەنرێت، کەلتوری چیمۆ لە کەناری باکووری پیرۆ لە نێوان ساڵی 900 تا 1450 گەشەی کرد و دواتر یارمەتی دا بۆ شێوەدانی شارستانیی ئینکا.
قەڵای چان چان لەسەر ڕووبەرێکی 20 کیلۆمەتری دووجا دروستکراوە و 30 هەزار هاووڵاتی بە 10 کۆشکی جیای تێدابووە.
ئەو شوێنە لە ساڵی 1986 بۆ لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ زیادکرا، بەڵام بە یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنەوارەکانی کەلەپووری جیهانی دەناسرێت.
پیرۆ یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئاسەواری هاووڵاتییانی "پێش کۆلۆمبیا" ی کیشوەری ئەمریکا و شوێنەوارەکانی پەیوەست بەم ماوەیە، جاربەجار لەم وڵاتە دەدۆزرێنەوە..
ماوەیەک پێش ئێستا، لە یەکێک لە شەقامەکانی لیما کرێکاران لە كاتی هەڵکەندندا پاشماوەی گۆڕێکیان دۆزییەوە کە دەیان قاپ و کەلوپەلی سیرامیک، کە مێژوویان بۆ 2000 ساڵ دەگەڕاندەوە تێیدا بوون.
گوڵان: سەردار خەلیل
