تەسبیح خشلێكی كۆن بە دەستی پیاوان و ئافرەتانی كوردەوە
لە دێر زەمانەوە تەسبیح وەك خشڵێك بە دەست پیاوان و ئافرەتانی كوردەوە بووە، كە بۆ جوانی و وەك كەرەستەیەكیش بۆ زیكركردن پێویستە، لە هەموو شارەكانی كوردستان بازاڕی تەسبیحفرۆشان هەن، رۆژانە بە هەزاران تەسبیح دەكڕدرێت و دەفرۆشرێت. بەختیار زرار كە هەمیشە تەسبیحی بە دەستەوەیە و كاری كڕین و فرۆشتنی تەسبیح دەكات، دەڵێت: جۆرەكانی تەسبیح زۆرن، هەر یەكە رەنگ و شێوە و لە ماددەیەك دروست كراون، كە لەنێوان 400 بۆ 450 جۆر دەبێت، بەڵام ئەوانەی باون و ناودارن، بریتیین لە: شووشە و بەرد و قەزوان و كریستاڵ و داردار و سەدەف، بەڵام ئەوەی زۆرترین خواستی لەسەرە، تەسبیحی قەزوانە، ئەویش چەند جۆرێكی هەن، لەوانە: ئەبڵەق، سادە، بە نەخش و قەزوانی لاسوورە و قەزوانی چامە، نرخی تەسبیحەكان لە دوو هەزار دینارەوە دەست پێ دەكات، كە هەرزانترینن و لە پلاستیك دروست كراون، تا دەگاتە 550 هەزار دینار، جەماوەری تەسبیحی قەزوان زیاتر لە چینی گەنجانن، ئەوانەی حەز دەكەن شتێكی گرانبەهایان لە دەست بێت، تەسبیحی بیانییش لە بازاڕەكانی كوردستان هەن، وەك تەسبیحی سەندەلووسی ئەڵمانی و ئێرانی، كە ئەوانە گرانترین تەسبیحن، هەندێكیان نرخیان دەگاتە هەزار دۆلار (10) وەرەقە. جاران تەسبیح لە دەستی ئافرەتانیش هەبوون، (سەعدیەخان) كە ئافرەتێكی ماڵەوەیە دەڵێ: جاران تەسبیح لە دەستی ئافرەتانیشدا هەبوون، زیاتر وەك خشڵێكی جوانكاری لە دەست و مەچەك و گەردن دەكرا، كە هەندێكیان هێندە گرانبەها بوون، ئافرەتانی دیكە بە سەرنجەوە لێی ڕادەمان و سەیریان دەكرد، كە هاوشێوەی ملوانكەكان جوان و پڕ بایەخ بوون.
