كولتووری خۆشۆردن لە حەمامەكانی كۆن و ئێستادا
جاران بۆ گەرمكردنی حەمام (كوڵخان) هەبوو، كە لە ژێر حەمام دروستكرابوو، كە بەمەبەستی گەرمكردنی حەمامەكە پشتیان بە زبڵ و ڕیخ و قشپلی حەیوان دەبەست، لە گوندەكان بە بارهەڵگر بۆیان دەهات و دەیان كڕییەوە، كابرای توونچی (كورخانچی) كە كاری گەرمكردنی حەمام بوو، بە لەپەی دەست ئەو زبڵەی لەكونی كورخانەكە دەكرد و ئاگرەكەی خۆش دەكرد، تا حەمام گەرم بێت، ئەوانیش بەردەوام دووكەس بوون. لەساڵی ١٩٥٧ حەساری خەتاب ئاغا لەگەڕەكی عارەبان تێك درا و لە شوaێنی ئەو حەمامی عەسرییان دروستكرد، بۆیەش ناویان لێنا (حمام عصری) چۆنكە بەدیزاینێكی نوێی ئەو كات دروست كرا و، سەری بە كۆنكرێت داچۆشرا، كە ئەوانی پێشوو قوڕ بوون، بۆ گەرمكردنی حەمامەكەش نەفتی ڕەشیان بەكار هێنا لەجیاتی زبڵ و ڕیخی ئاژەڵ، لە شاری هەولێر سێ حەمام هەبوون: حەمامی حاجی قادر (ئێستای بازاڕی كوێتی) سەرەتای بازاڕ لە شەقامی باتە، حەمامی مۆدە لە شوێنی ئێستای ناو شەقامی شێخی چۆلی، حەمامی خانزاد باغی شار هەر لە شوێنی ئەو باخچەیە بوو. خۆشتن وابوو كە سەرەتا داخلی حەمام دەبوویت، جلت لەبەر دادەكەند و پارچە قوماشێكیان پێت دەدا، كە پێیان دەگوت (پەشتەماڵی حەمامێ) كە بن ناوكت تا سەر ئەژنۆتی دادەپۆشی، لە ناوەندی حەمام بەردێكی گەورە هەبوو پێیان دەگوت بەردی زاوا، هەبوو بۆ پشوودان لەسەر ئەو بەردە جگەرەیەكی پێدەكرد و، هەشبوو لەسەری رادەكشا، شوێنی پێنج تا شەش كەس دەبووەوە، پێشتر نەعل نەبوو و خەڵك بە پێخواسی دەچوونە ژوورەوە، كاتی تەواویش دەبوون دەهاتە لای دەرگا و چەپڵەیەكی لێ دەدا و شاگردێك دەهات پێی دەگوت عافیەتە و سێ خاولی دەهێنا، یەكێكیان لەشوێن پەشتەماڵەكە و یەكێكیان دەخستە سەرشانی و ئەوی تریشیان لەسەر سەری دادەنا، شاگردەكەش دەچوو جامێك ئاوی دەهێناو لە دوای كابرا دەڕۆیشت كە بە پێخواسی بوو، تا دەگەیشتە لای جلەكانی و ئینجا پێی درێژ دەكرد و شاگردەكە جامە ئاوەكەی بەپێیدا دەكرد. نرخی خۆشوشتنیش (یەك درهەم) بوو، هی پیاوان دوای خۆشوشتن وەردەگیرا، بەڵام هی ژنان پێشینە وەردەگیرا و منداڵانیش نیو درهەم، یان 10 فلس بوو كە بە گوێرەی تەمەن وەدەگیرا، ژنان لە حەمام زیاتر دەمانەوە، لە نۆرەی ژناندا خێزانی خاوەن حەمام دەهات بۆ هێنانە دەرەوەی ژنەكان هاواری دەكرد (عەیارە . عەیارە) واتە ئاوەكە سارد بۆتەوە، بەڵام ئێستا حەمامە گشتییەكانیش پێشكەوتوون و ئاسایی هەر یەكێك خانەیەكی تایبەت بە خۆیەوە هەیە، جلەكانی لەگەڵ خۆی دەبات و خۆی دەشوات و دێتە دەرەوە.
