یەكەمین یوتوبەری كوردی تایبەت بە ئوتۆمبێل لە كوردستان
یەكەمین یوتوبەری كوردە كە لە بواری ئوتۆمبێلدا سەدان ڤیدیۆی ناوازەی هەیە، بە ملیۆنان بینین و ڤیویان هەیە، كەسێكە كە بیرۆكەی ئەو كارەی لە خۆیەوە بۆ هاتووە كە وەك یوتوبەرە جیهانییەكانی بواری ئوتۆمبێل لە كوردستان ئەو كارە بكات و، سەركەوتنێكی گەورەشی بەدەست هێناوە. ئارام فەرهاد ئێستا لە پیشانگای سەفین بۆ ئوتۆمبێل كار دەكات، بە زانیاری و قسە خۆشەكانی توانیویەتی جەماوەرێكی زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گوڵان وەڵامی چەند پرسێكی داینەوە، بەم شێوەیە:
* سەرەتا ئەگەر ناو و پیشەت و لە كوێ كار دەكەی و لەكوێ دەژیت بۆ خوێنەرانی روون بكەیتەوە؟
- ناوم ئارام فەرهاد ئەحمەدە، لە هەولێر دەژیم و لە كۆمپانیای سەفین بۆ ئوتۆمبێل كار دەكەم.
* بیرۆكەی یوتوبەری تایبەت بە ئوتۆمبێلت چۆن بۆ هات؟
- بیرۆكەی كەناڵی یوتیوبی تایبەتی خۆم جگە لەوەی كە حەز و ئارەزووی خۆم بوو، بینیبووم كە ئۆتۆمبێلی زۆر پێشكەوتوو و زۆر گران بەها لە كوردستان هەن و، هەروەها خۆشم لە بواری ئۆتۆمبێل كارم دەكرد، خەڵكێكی یەكجار زۆرم دەبینی كە لە ئۆتۆمبێل و تایبەتمەندییەكانی ئەو ئۆتۆمبێلەی كە هەیانە، نەیاندەزانی كە بەكاری بهێنن و سوودی لێ ببینن، بۆیە بڕیارم دا كە كەناڵێكی تایبەت درووست بكەم و، باس لە ئۆتۆمبێل و خاسیاتەكانیان بكەم و فێركاری و زانیاری بدەم، كە چۆنن و چۆن بەكار دێن، بۆ ئەوەی خاوەنەكانیان زانیارییان هەبێت و سوودی لێ ببینن و، ئەو خەڵكانەی ئارەزوو دەكەن زانیارییان هەبێت، سوودی لێ ببینن.
* ڤیدیۆكانت تا چەند بینەریان هەیە و ئایا خۆت هەست دەكەیت كارێكی سەركەوتووە؟
- ڤیدیەكانم بە ملیۆنان و هەزاران بینەریان هەیە، بینەرەكانیشم تەنیا كورد نین و تەنیا لە كوردوستان نین، رۆژانەش لە زیاد بوون دایە و، بینەرەكانیش هەمیشە دەستخۆشییان لێ كردووم و خەڵكێكی زۆر سوودیان لێ بینیووە، بۆیە دەتوانم بڵێم كە كارەكەم سەركەوتوو بووە.
* سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی دەربارەی ئوتۆمبێلەكان لە ڤیدیۆكانت هەن، لە كوێوە دێت؟
- ئەو زانیارییانەی من باسیان دەكەم لەسەر ئۆتۆمبێلەكان، سەرچاوەكەی لە خودی كۆمپانیای ئۆتۆمبێلەكەوە وەردەگرم، تا هیچ زانیارییەكی هەڵە بە بینەرەكانم نەدەم، هەروەها كە وەك سەرچاوەیەكی گواید واتە رێنمایی بۆ ئاشنابوونی خەڵكە بە نهێنی و زانیارییەكانی هەر ئوتۆمبێلێك.
* چیت تەواو كردووە و بڕوانامەت لە چی دا هەیە؟
- بڕوانامەی ئەندازیاریم هەیە لە بەشی مێكاترۆنیكس، سوودێكی زۆرم لێ بینیووە بۆ بوارەكەی خۆم، كە تیایدا كار دەكەم.
* لەگەڵ ئاشنابوونت بەو رێژە ئوتۆمبێلە لە رێگەی ڤیدۆكانتەوە، خۆت هەواداری چ جۆرە ئوتۆمبێلێكیت؟
- خۆم هەواداری ئۆتۆمبێلەكانی پۆرشم، كە بەداخەوە لە كوردستان بەهۆی رێگاوبان و نەبوونی كەرەستەی یەدەگ، یان گرنگیدانی خەڵك بەو جۆرە ماركەی ئوتۆمبێلە، خواستی زۆر كەميان لەسەرە.
* هەست دەكەی كە لە نێو كوردا وەك خەڵكی جیهان گرنگی بە ئوتۆمبێلە ماركەكان برێت؟
- لە كوردستان گرنگیی زۆر بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها و لەكژەری دەدرێت، چونكە خەڵكیش وردە وردە پێیان ئاشنا دەبن و خاسیەتاكانیان شارەزا دەبن.
* وەك دوا وتە هیچ شتێكت ماوە بۆ هەوادارانت؟
- لە كۆتاییدا حەز دەكەم كە خەڵكی تریش لەو بوارەی من كار بكەن و، خزمەت بكەن و خەڵك بتوانن سوودیان لێ وەربگرن.
