گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند زانیارییەکی لەبارەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست خستە روو
گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند كە هەموو هەوڵێک بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دەدەن و چەند زانیارییەکیشی لەبارەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست خستە ڕوو.
جووتیار عادل گوتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوار شەممە 15/9/2021 ئەنجومەنی وەزیران کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند: پێویستە هەڵمەتی هەڵبژاردن دووربێت لەناو زڕاندن و هێرشکردنە سەر یەک و دەبێت دامەزراوە حکوومیەکان و دەزگا ئەمنیەکان بێلایەن بن لە هەڵمەتی هەڵبژاردن.
هاوكات وتی: رۆژانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە (6) ملیۆن لیتر بەنزین هەیە و هەموو هەوڵێکیش بۆ کەمکردنەوەی نرخی سووتمەنی و دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دەدەین.
سەبارەت بە پرۆژەکانی رێگاوبانەوە ئەوەی خستە روو کە گرنگییەکی زۆر بە پرۆژەکانی رێگاوبان دەدرێت و چەندین پرۆژەی جیاجیاش لەبواری رێگاوبان جێبەجێکراون.
هەروەها سەبارەت بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگاكان روونیكردەوە کە لە ئەنجوومەنی وەزیران دیراسەتی ئەو بابەت دەکەن و ئەو بڕیارەی کە لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی گرێبەست بێت دەدرێت، بەڵام ئەوە پێویستی بە دیراسەتێکی زیاترە.
