حكومەتی عێراق بڕیاریدا دوا قۆناغی پارەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات
لە 9/9/2021 حكومەتی عێراق بڕیاریدا بە خەرجکردنی قۆناغی دووەمی پارەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی(2014 ، 2015 ، 2016).
كە بڕی پارەكە(370) ملیار و (992) ملیۆن و (500) هەزار دیناری عێراقیە و لە ماوەیەکی نزیک دەگات بە هەرێمی كوردستان و بەسەر جوتیارانی هەرێم وەکو دوا قۆناغ دابەش دەکرێت.
لەمبارەوە دکتۆرە مەیادە محەمەد نەجاڕ ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند كە وەکو لە پێشتر و لە کاتی خۆپیشاندانەکانی جوتیارانی هەرێم ئەوە لە بەغدا بەڵێنم بە برا جوتیارانی هەرێمدا بە جددی تا دوا قۆناغ لەدوای ئەم کەیسە بین، ڕۆژی 8ی ئەیلوولی 2021 دوای چەندین سەردانمان بۆ نووسینگەی مستەفا کازمی سەرۆك وەزیران و دكتۆر عەلا ئەحمەد وەزیری بازرگانی عێراق و پێکهێنانی لێژنەیەک بە نوێنەرایەتی نووسینگەی کازمی و وەزارەتی بازرگانی و ئامادەبوونی ئێمە، دواجار بڕیار درا بە خەرجکردنی بڕی (307992500000) دینار كە لە ئاییندەیەكی نزیکدا ئەو بڕە پارەیە دەگات بە هەرێم وەكو دوا قۆناغ بەسەر برا جوتیارانی هەرێم دابەش دەکرێت.
هەروەها ئەو ئەندام پەرلەمانەی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە كە ڕاگرتنی مافی جوتیارانی هەرێم بە بڕیارێکی سیاسی لە کاتی خۆی و لە سەردەمی حەیدەر عەبادی دەركرابوو، بەڵام بە هەوڵ و كۆششێكی زۆری فڕاکسیۆنی زەرد توانرا ئەم بڕیاری ڕاگرتنی پارەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە.
