هەر دوو وەزارەتی بازرگانیی كوردستان و عێراق بە سیستەمی ئەلیكترۆنی كاراكران
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە سیستەمی ئەلیكترۆنی پێكەوە بەسترانەوە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند سیستەمی ئەلیكترۆنی بەكاركەوت و یەكەم نامەی ئەلیكترۆنی نێوان هەردوو وەزارەت ڕەوانە كرا.
بڵند مەحموود مەولوود بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە لە ئێستاوە بە دواوە مامەڵەكان ڕایی دەكرێن و كارەكانی نێوان هەردوو وەزارەت بە سیستەمی ئەلیكترۆنی بەڕێوەدەچن.
جێگەی باسە كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانیی عێراقلە سەرەتای ئەم ساڵ 2021 ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش كە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و بەبازاڕكردنی لە ئەستۆ بگرێت، لەپاڵ كەمكردنەوەی ڕۆتین لە پێدانی مۆڵەتی دامەزراندنی پرۆژە پیشەسازییەكان.
