وەزارەتی ناوخۆ: پێویستە ماتۆڕسكیلەكان بە شێوەی یاسایی لە ماوەی ساڵێكدا تۆمار بكرێن
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی فەرمی بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بڵاوكردەوە كە بڕیاری داوە پێویستە هەموو ئەو ماتۆڕسكێلانەی بە شێوەی یاسایی دەهێنرێنە نێو هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵێكدا تۆماربكرێن، تاكو كۆنتڕۆڵی هاوردەكردنی نایاسایی بكرێت.
لە نووسراوەكەدا هاتووە بەهۆی ئەوەی كە زۆربەی ئەو ماتۆڕسكیلانە بێ سەرەتان و بە نایاسایی هاوردەكراون لەڕێی قاچاغەوە یان لەشێوەی كەرستەی یەدەگ و دواتر كۆكراونەتەوە، هەروەها ئەو ماتۆڕانە بوونەتە هۆكاری كەوتنەوەی دەیان ڕووداوی هاتۆچۆ و گیان لەدەستدانی خەڵكێكی زۆر و زیانی ماددی، هاوكات بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی ئەو دیاردەیە بكرێت، بۆیە بڕیاردرا ئەوانەی بە فەرمی هاوردەكراون تۆماربكرێن بەپێی ڕێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021.
ئەمەو چەندین مەرجیش بۆ تۆماركردن لە نێو نووسراوەكەدا هاتوون، بە تایبەتیش كە ئەو بڕیارانە بۆ ماوەی تەنیا ساڵێك و لە ڕۆژی 1ی ئەیلوولی 2021 تا 1ی ئەیلوولی 2022 كاریان پێ دەكرێت.
