سەقامگیری سیاسی سەقامگیری ئابووری بۆ سلێمانی دەگەڕێنێتەوە
دوای ئەوەی لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی ململانێی سیاسی و دەستێوەردان لەكاروباری حكومەت و كەرتی تایبەت وەبەرهێنەران لە كاروپرۆژەكانیان لە پارێزگای سلێمانی دوور كەوتوونەتەوە ، لە ئێستادا وەبەرهێنەران بەگرنگیەوە دەڕواننە هەنگاوەكانی ئاسایبوونەوەی دۆخەكەو كەمبوونەوەی ململانێی سیاسی، تەنانەت جموجوڵەكانی بازرگانی لەو سنوورەدا رووی لەزیادبوون كرد، ئەمە لەكاتێكدا تاڕادەیەكی باش كۆتایی بەكاری قاچاخ و بێسەروبەری و قۆرخكاریی هاتووە . گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانیش ئەوەی پشت راست كردەوە كە ئەگەر ژینگەی سیاسی لە سلێمانی لەبار بێت وەبەرهێنان روو لەبوژانەوە دەكات.
پارێزگای سلێمانی سەردەمێكە بەهۆی چڕبوونەوەی ململانێ حزبی یەكان و بەلاڕێدابردنی پرۆسەی سیاسی و تێكدانی دۆخی ئارامی و سەقامگیری خەڵكی زیانی گەورەی بە پرۆسەی ئابووری و كاروكاسبی خەڵكی گەیاندووە، گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییە جێگای ئومێدی خەڵكە بۆ ئەوەی چیتر ئەم شارە و ئابووری و بژێوی خەڵك نەبێتە قوربانی ئەو ناسەقامگیرییەی كە بەناو سیاسەتمەدارو كاراكتەرێكی سیاسی لەژێر پەردەو بەناوی بەرگریكردن لەخەڵك دروستیان كردووە.
