پێكهێنانی هێزێکی پێنج هەزار سەربازیی خێرای هاوبەشی وڵاتانی ئەوروپا
لە كۆبوونەوەیەكی گرنگی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بابەتی سەرەكیی بریتی بوو لە تاوتوێ كردنی پێشنیارێكی ئەندامان تایبەت بە پێکهێنانی هێزێکی کاردانەوەی خێرای هاوبەشی وڵاتانی ئەوروپا.
لەلای خۆشیەوە جۆزێپ بۆڕێڵ بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دوای کۆبوونەوەکە لە سلۆڤینیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەفغانستان دەری خست کەموکورتییەکانمان لەسەر ئاستی سەربەخۆیی ستراتیژیی چ باجێكی قورسی لە پشتەوەیە، دووپاتیشی كردەوە كە تاكە ڕێگە بۆ بەرەو پێشچوون یەکخستنەوەی هێزەکانمان بەهێزکردنیانە، نەک تەنها لەڕووی تواناوە بەڵکو لە ڕووی ئیرادەشمانەوە.
بەپێی ئەو پێشنیارەی كە خراوەتە ڕوو جەخت كرایەوە لەسەر پێكهێنانی هێزێکی پێنج هەزار سەربازی وەک بەشێک لە ستراتیژیی گشتی یەکێتیی ئەوروپا. بەڵام ئەم پێشنیارە هێشتا پێویستی بەوەیە بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە پشتیوانی لێبکرێت.
لە بەدواداچوونی ئەم پێشنیارەشدا سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل جەختی كردەوە كە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە دەبێت قورساییەکی زیاتر لە جیهاندا هەڵبگرن، بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و بەهاکان و پاراستنی هاووڵاتیانیان.
