ماكرۆن پێشنیارێك سەبارەت بە ناوچەیەكی پارێزراو لە ئەفغانستان دەخاتە ڕوو
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی TF1ی فەڕەنسادا ئاماژەی بەوە كرد كە وڵاتەكەی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا لەسەر پێشنیارێک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن کە ئامانج لێی دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراوە لە کابوڵ، ماكرۆن ڕوونیشی كردەوە كە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشنیارەکە دەخرێتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە.
ماكرۆن بۆ گەیاندنی پەیامەكەی جەختی لەوە كردەوە كە ئەم پرۆژەیە چارەسەرێکە کە لە ڕابردوودا لە ئەرکەکانی پێشووتردا بەکارهاتووە، دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراوە کە تیایدا خەڵکەکە بتوانن بگەنە فڕۆکەخانە. سەبارەت بەوەی كە ئایا گەشبینە بەوەی تاڵیبان ئەم پێشنیارە پەسەند دەكات، دووپاتی كردەوە كە هێشتا زووە باس لە دەرەنجامەکان بکەین، بەڵام هەر دەبێ هەوڵی بۆ بدرێت.
هەر لەم سۆنگەیەوە سەرۆكی فەرەنسا سوورە لەسەر ئەم پێشنیارەو دەشڵێت: ئەم پێشنیارە تاڵیبان ناچار دەکات كە بۆ كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بسەلمێنێت كە تاچەند پابەند دەبێت بە ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان.
