پرۆژەی ئاوی چوارتا لەسەر چەمی كەنارۆی شارباژێر دروسكراوە
هاونیشتمانیانی قەزای چوارتا گلەیان لەوەیە کە چەند رۆژ جارێک ئاویخواردنەوەی پرۆژەی نیشتمانیان بۆ بەردەدرێتەوە، قایمقامی قەزاكەش هۆکارەکەی بۆ وشکبوونی چەمی کەناروێ دەگەڕێنێتەوە کە پڕۆژەكەی ئاویخواردنەوەكەی چوارتای لەسەر دروستكراوە.
شاهو عوسمان قایمقامی قەزای چوارتا لە دەڤەری شارباژێری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند كە ئاوی پرۆژەی نیشتمانی چوارتا لە چەمی کەناروێ دابین دەکرێت، ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوی چەمەکە وشکبووە، بۆیە پرۆژەی ئاوی چوارتا کوژێنراوەتەوە و هیچ ئاوێک لەو پرۆژەیەوە بۆ قەزای چوارتا نایەت.
هاوكات قایمقامی قەزاكە ئاماژەی بەوەشداوە كە دوای وشکبوونی چەمی کەناروێ کە پرۆژەی ئاویخواردنەوەی قەزای چوارتای لەسەر دروستكراوە ئەوە لەلایان جێگری سەرۆکی حکومەتی كوردستانەوە بودجەیەک تەرخان کراوە و لە رێگەی تانکەرەوە ئاو بۆ ماڵان دابین دەکەین. ئێمە تاکە شوێنین نەمانهێشتووە خەڵکی چوارتا بێئاو بمێنێتەوە و ئەو تانکەرانە رۆژانە ئاو دێنن و دەیکەنە نێو حەوزەكانی ئاوەوە، لەپاشان هەر دوو رۆژ جارێک هەندێجاریش سێ رۆژ جارێک بۆ هەر 16 گەڕەكی سەنتەری قەزاكە ئاو بەردەدرێتەوە.
قایمقامی قەزای چوارتا ئەوەشی خستۆتەڕوو كە هەوڵیان داوە لە رێگەی هەڵکۆڵینی بیرەوە کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام شارەزایانی جیۆلۆجی گوتوویانە لەو ناوچەیەدا ناتوانرێت لە رێگەی بیرەوە ئاو دابین بکرێت، بۆیە لە هەوڵداین پرۆژەیەکی جێگرەوە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.
ئامادەكردنی:گوڵان/ساڵح عومەر
