لیوا عەبدولخالق: ئامانجی سەردانی شاندی پێشمەرگە بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات

لیوا عەبدولخالق: ئامانجی سەردانی شاندی پێشمەرگە بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات


نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق باس له‌ رێککه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ده‌کات و رایدەگەیەنێت، شاندێکی پێشمەرگە 25/8/2021 سەردانی بەغدا دەکات.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە (25/8/2021) شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت هەروەها رایگەیاند: سەردانەکە تەواوکەری سەردانەکانی پێشووە بۆ ئەوەی لەبارەی چەند پرسێک بگەنە رێککەوتن، کە رێککەوتنەکە ورده‌کاری و لێکتێگەیشتن و بڕیاری هاوبەشی ده‌وێت.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە کۆبوونەوەکاندا شاندەکەی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی عێراق گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
هەروەها دابینکردنی ئاسایش بۆ دەنگدەرانی ناوچە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوەبچێت ئەوە یەکێکی دیکەیە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی شاندەکەی پێشمەرگە و بەرپرسانیی سەربازیی عێراقی.
ئامادەكردنی:گوڵان/ساڵح عومەر

Top