وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان: ئەو هێزانەی خۆیان لە ناوچە سنوورییەكان سەپاندووە هۆكاری سەرەكی هێرشەكانن
پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵی سنوور بۆ ئەوانە دابنێت كە دەیانەوێ كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دروست بكەن.
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ئەو هێزانەی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا خۆیان سەپاندووە، هۆكاری سەرەكیی بۆردومان و تۆپبارانكردنی ئەو ناوچانەن.
ڕۆژی چوارشەممە25/8/2021، بەرێز رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگارانی هەولێر و دهۆك، بڕیاردرا لەسەر هەیكەلیەتی ئیدارە سەربەخۆكان بە گشتی پێداچوونەوە بكرێت، بۆ ئەوەی هەیكەلیەتەكە ڕێكبخرێتەوە و ئیدارەی زاخۆ و سۆرانیش لەسەر ئەو بنەمایە دروست بكرێت. لە رووی داراییەوە دۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بە گشتی لەبار نییە بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لەو ئیدارانە، بەڵام ئەوانەی پەیوەندییان بە خزمەتگوزاریی پێویست و ڕۆژانە هەیە بۆ ناوچەكە بڕیاردرا پێشنیار بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوەو لە رووی بودجەی پێویست پێشنیازی خۆمان كردووە. هاوكات لە رووی دامەزراندن و میلاكاتەوە پێویستە دەسەڵات بە وەزارەتەكان بدرێت بۆ گواستنەوەی میلاكاتی پێویست.
هەروەها وەزیری ناوخۆ وتی: كە لە كۆبوونەوەكەدا بە پێویستمانزانی بڕیارەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت و لێژنەیەك بە نوێنەرایەتی (وەزارەتی ناوخۆ، دارایی، پارێزگارەكانی هەولێر و دهۆك لەگەڵ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران) پێكهێندراوە تا هەنگاو بە هەنگاو دیراسەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە بكرێت.
هاوكات وتی: دروستكردنی دوو ئیدارەی تازە كاتی پێویستە، بەڵام فەرمانی سەرۆكی حكومەت جێبەجێ دەكەین كە پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی ئەم بابەتە.
وەزیری ناوخۆی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد كە ”زۆر شوێن هەیە، گرنگن و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر گرنگییان پێ دەدات، لە ئایندەدا ئەگەر دۆخەكە لەبار بێت چەند شوێنێكیتریش دەكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، هەروەها بڕیاریشمانداوە چەندین بەڕێوەبەرایەتی گرنگ لە ئاكرێ و بەردەڕەش بكەینەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا، بەرێز وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەو مووشەكانە كرد كە ئێوارەی 24/8/2021 لە ناوچەكانی سنووری كەركووكەوە ئاراستەی سنووری هەولێر كراون و گوتی: لەبارەی ئاراستەكردنی چەند مووشەكێك بۆ سنووری هەولێر كەس دەستگیر نەكراوە، ئەوەی باس دەكرێت ئۆتۆمبێلەكە لە سنووری كۆنتڕۆڵی هێزەكانی فیدراڵی بووە، هیوادارین ئەوان ڕێگر بن بۆ ئەوەی چیتر ئەم رووداوانە دووبارە نەبنەوە، ناكرێت تا سەر پایتەخت و هەرێمی كوردستان لە سنووری ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی فیدڕاڵییەوە ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە ببێتەوە. پێویستە سنوور بۆ ئەوانە دابنرێت كە دەیانەوێ كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دروست بكەن.
لەبارەی بۆردومانەكەی رۆژی24/8/2021 پێنجوێنیش لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بەرێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی كوردستان رایگەیاند: ماوەیەكی زۆرە لە زۆر شوێنی دیكەی هەرێمی كوردستان ئەم بۆردومانانە هەیە،بەڵام بۆی هەیە بۆ ئەو ناوچەیە نوێ بێت، گەرچی چەندین ساڵە داوا دەكەین كە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكریت و هەرێمی كوردستان نەكرێتە گۆڕەپانێك بۆ كێشەیەك كە هیچ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەو هێزانەی خۆیان لەو ناوچانەدا سەپاندووە هۆكاری سەرەكی هێرشەكانن و پێویستە بارگە و بنەیان تێك بنێن بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە تووشی هێرشكردن نەبن و بیانوو نەدەنە دەست و كێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست بكەن. ئامادەكردنی:گوڵان/ساڵح عومەر
