نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێشوازی لە ڕاپۆرتەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێشوازی لە ڕاپۆرتەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین

٢٥/٨/٢٠٢١

لە ڕێککەوتی ٢٥/٨/٢٠٢١، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سێزدەمین راپۆرتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بڵاوکردەوە، کە تایبەت بوو بە هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یارمەتیدانی وڵاتە ئەندامەکان لە بەرپەرچدانەوەیان.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٥ و لە توێی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٣، مەترسی داعشی بە مەترسییەکی نێودەوڵەتی ناساند و داوای هەماهەنگی فرەلایەنەی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی. سێزدەمینی ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیش لەژێر ڕۆشنایی ئەم بڕیارە دەرچووە، و ئاماژەی بە چالاکییە ڕوو لە زیادبوونەکەی ڕێکخراوی داعش کردووە، بە شێوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢١ پتر پەلی کوتاوە بۆ ئەفریقا و دۆخی ناهەمواری پەتای کۆڕۆنای لە زۆرێک لە وڵاتان قۆستۆتەوە بۆ برەودان بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی.

هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە ئامانجە سەرەتاییەکانی داعش لە کاتی سەرهەڵدانی لە ساڵی ٢٠١٣، بەڵام، دوای دانی پتر لە ١٨٠٠ شەهید و زیاتر لە ١٠,٠٠٠ بریندار و دوای نزیکەی ٤ ساڵ لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی هێزی پێشمەرگە و هاوکاری هاوپەیمانان، هەژموونی داعش ڕووی لە نەمان کرد.

هەرچۆنێک بێت، تیرۆر هێشتا ڕیشەکێش نەکراوە و هەڕەشەیەکی بەردەوامە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی. هەروەک ڕاپۆرتەکەی سکرتێری گشتی ئاماژەی پێدەدات، داعش خاوەن تۆڕێکی دارایی فراوانە لە عێراق و ئەم تۆڕە تا هەنووکە چالاکە و سەرچاوەکەی وشکی نەکردووە، هەر ئەمەش وایکردووە کە چالاکییەکانی لەم ماوەیەدا چڕببنەوە.

بە گوێرەی داتاکانی حوکمەتی هەرێم، داعش تەنیا لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی ١٦٠ هێرشی تیرۆرستی لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامداوە، کە خۆیان لە شاڵاوی چەکداری، تەقینەوەی خۆکوژی، خاڵی پشکنینی ساختە و چەندان چالاکی تر دۆزیوەتەوە، کە سەرئەنجام دەیان قوربانی لێکەوتۆتەوە.

خوشک و برا ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تر قوربانی لەپێشینەی دەستی ڕەشی تیرۆرن. بەداخەوە، دوای زیاتر لە پێنج ساڵ لە داڕمانی خەلافەتی داعش، نەتوانراوە زەمینەسازی بکرێت لە ڕووی ئەمنی و ژێرخانییەوە تا ئاوارەکان بچنەوە سەر زێدی خۆیان. تا هەنووکەش بۆشایی ئەمنی و نەبوونی ئاوەدانی هۆکاری سەرەکین بۆ نەگەڕانەوەیان.

حوکمەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای قەیرانی دارایی و هەڕەشەی مەترسیداری داعش، دەرگای بۆ سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر کردەوە و کەشێکی ئارامی بۆ ڕەخساندن تا ژیانبکەن و منداڵەکانییان لە خوێندن دانەبڕێن و قوتی بژێوییان وشک نەبێت. تا ئەم پنتەش، نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە ئازادانە دەژین و کار دەکەن.

حوکمەتی هەرێم پێشوازی لە ڕاپۆرتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی. هاوکات، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات هەوڵەکانیان بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان چڕبکەنەوە و هاوکاربن لە دادگاییکردنی داعش لەژێر ڕۆشنایی تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد).

Top