هیچ دامەزراوەیەکی هەرێم لە کەمپی مەخموور نیە
لە ڕێککەوتی ٢٤/٦/٢٠٢١ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) لە لێدوانێکدا بۆ پێگەیەکی نێودەوڵەتی چەند نیگەرانییەکی سەبارەت بە بۆردوومانی ئاسمانی کەمپی مەخموور خستەڕوو، هاوکات ئاماژەیان دا بە نالەباری بارودۆخی مرۆیی لە کەمپەکە تا ناوەڕاستی ئەم ساڵ، تۆماری حوکمەتی هەرێم ٩٢٨،٦٧٤ ئاوارە و پەنابەری تێدابووە، ٣٠٪ی ئاوارە و پەنابەرەکان لە کەمپەکان دەژین کە ژمارەیان ٣٦ کەمپە، و زۆرینەی ڕەهایان لە دەرەوەی کەمپەکان ژیان بەڕێدەکەن.
سەبارەت بە کەمپی مەخموور، هیچ دامەزراوەیەکی هەرێم لە کەمپەکە نیە. هەروەها، ژمارەی پەنابەرانی کەمپەکە ڕوو لە هەڵکشانە، بەڵام ناو و ناونیشانیان لە تۆمارە فەرمییەکانی حوکمەتی هەرێمدا نیە هەنووکە، ژمارەیەک بنکە لە مەخموور هەن کە لەلایەن گروپی چەکداری ڕێگەپێنەدراوەوە سەرپەرشتی دەکرێن. هەرچۆنێک بێت، حوکمەتی هەرێم هەرگیز ڕێی لە هاتووچۆی دانیشتووانی کەمپەکە نەکردووە، بە تایبەتی پیشەوەران، خوێندکاران، و نەخۆشەکان هاتووچۆی ئاساییان هەیە بۆ ناو شاری هەولیر.
کەمپی مەخموور لەلایەن نووسینگەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارەکان (UNHCR) ناسێندراوە. بەپێی زانیارییەکان، هیچ فەرمانگەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەمپەکە بوونی نیە، تەنها لقی موسڵی ڕێکخراوی (UNHCR) سەردانی کەمپەکە دەکەن.
هاوکات، دانیشتووانی کەمپەکە لە ڕووی ئەمنییەوە، هەڵگری شوناسی عێراقی نین و هیچ دۆکیمێنتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پێ نیە. بەڵام، ئاسانکاری هاتووچۆ بۆ ناو هەرێم بۆ پەنابەرەکان کراوە.
حوکمەتی هەرێم هەردەم دەستپێشخەر بووە بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان و هەرگیز، سەرەڕای کەمایەسی لە هاوکارییە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان، کەمتەرخەمی لەم بارەیەوە نەنواندووە.
