بۆ پێدانی كارتی پێكوتەی كۆرۆنا چەند مەرجێك دەستنیشان كراوە

بۆ پێدانی كارتی پێكوتەی كۆرۆنا چەند مەرجێك دەستنیشان كراوە

(كارتەكەی هەرێمی كوردستان لە هەموو جیهاندا كاری پێ دەكرێت)

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارتی ڤاکسین بۆ وەرگرانی پێکوتەی کۆرۆنا دروست دەکات.
دكتۆر بژار موسا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بە گوڵانی راگەیاند: وەزارەتی تەندروستی رێنماییەكانی پێدانی كارتی پێکوتە دەرکردووە و ئەو كەسانەی کارتی پێکوتەیان بۆ دروست دەکرێت، دەبێت هەردوو ژەمی پێکوتەیان وەرگرتبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە شوێنێک بۆ پێدانی كارتی پێکوتە دیاری دەکەن و کارتەکە زیاتر بەو کەسانە دەدرێت، کە گەشتی دەرەوە دەکەن. هەروەها ئەو كەسانەی داوای کارتی پێکوتەی کۆرۆنا دەكەن، دەبێ پاسپۆرت و ئەو كارتەیان پێ بێت، كە دوای وەرگرتنی ژەمی یەکەم و دووەمی پێکوتە پێیان دراوە، هاوكات جەخت لەوە كراوەتەوە کە لایەنی سێکیوریتی کارتەکە زۆر بەهێزە و ئەگەری ساختەکردنی نییە و لە هەموو جیهانیش کاری پێدەکرێت.
شایانی ئاماژەپێكردنە، کارتەکە لە ماوەی(40) چركە چاپ دەكرێت و دەدرێتە هاووڵاتیی داواكار کە پێویستە ئەو هاووڵاتییە لە هەرێمی كوردستان هەر دوو ژەمی پێکوتەی كۆڕۆنای وەرگرتبێت.

Top