كوردانی ئێزدیی دەلێن .. بەغدا تەنیا بۆ ڕێکلام باسی ئاوەدانكردنەوەو و سەقامگیری ئاسایشی شنگال دەکەن
کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی کوردی ئێزدی دەڵێن، هیچ سوودێكمان لە حکوومەتی عێراقەوە نەبینیوە و لە بەرامبەر دۆسیەی ئێزدییەکانیشدا، بەغدا بەڵێنی خۆیان جێبەجێ ناکەن و تەنیا بۆ ڕێکلام باسی ئاوەدانكردنەوەو سەقامگیری ئاسایش لە شنگال دەكەن.
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەغدا بەڵێنی خۆی بۆ ئێزدییەکان جێبەجێ ناکات، ئەوەی حکوومەتی عێراق لەبەرامبەر خراپی بارودۆخی ئێزدییاندا دەیکات، بە دیتنی خەیری بۆزانی تەنیا ڕێکلامە و هیچی دیکە نییە و بەتەئكید هیچ كارو ئاوەدانی و دەستەبەری ئاسایش بۆ ئێزدییەکان ئەنجام نەدراوە.
هەروەها خەیری بۆزانی ئاماژەی بەوەشدا: حکوومەتی عێراق زۆر بەڵێنی بە ئێزدییەکان داوە، بەڵام هیچ لەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەكردوە. هاوكات لەو جارانەی كە ئێزدییەکان داوای یارمەتی و هاوکارییان لە بەغدا کردووە ئەوە بەدەنگیانەوە نەهاتوونە.
هەروەها چەندان كەسانی دیكەی رۆشنبیری ئیزیدییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە هیچ سوودێکیان لە حکوومەتی عێراقەوە پێ نەگەیشتووەو لەو کاتانەی شاندەکانی حکوومەتی عێراقیش سەردانی شنگال دەکەن، تەنیا بە قسە خزمەتی ئێزدییەکان دەکەن، گەرچی ناوچەو دەڤەری ئێزیدیان رۆژ لەداوی رۆژ لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەغدا زیاتر دەكەوێتە ژێر مەترسیەوە، هەروەها شاندەكانی حكومەتی عیراقی كە سەردانی شنگاڵ و ناوچەكە دەكەن ئەوە بەڵێن دەدەن كە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ناوچەكە هەڵدەدەنەوە و زیانلێكەوتووانی كارەساتی شنگال قەرەبوو دەكەنەوە، بەڵام پاش ئەوەی دەگەڕێنەوە هەموو بەڵێن و قسەكانی خۆیان لەبیر دەكەن و هیچیان بۆ ئێزیدیان و ناوچەكانیان جێبەجێ ناكەن.
