پێشمەرگە لەو تەمەنە خانەنشین دەکرێ

پێشمەرگە لەو تەمەنە خانەنشین دەکرێ


ئیدارەی گشتی پێشمەرگە تەمەنی خانەنشین بوون بۆ ئەفسەران و پێشمەرگە دیاری دەكات و داوا لە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و یەكەكان دەكات لیستی ناوی ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانەیان بۆ بنێرن كە تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە.
بە پێی نووسراوەكە ئەوەی پلەی فەریق لە 63 ساڵی خانەنشین دەكرێت و لیوا 60 ساڵ و عەمید 58 ساڵ و عەقید 55 ساڵ و موقەدەم 53 ساڵ و رائید و نەقیب 49 ساڵ و مولازم 45 ساڵ و پلەی پێشمەرگەی ئاسایی بە 45 ساڵ تەمەن خانەنشین دەكرێن.
لیوا سەرحەد ناوەرانی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی له وەزارەتی پێشمەرگە بە میدیاكانی نزیك لەپارتی راگەیاندووە: "بەپێی یاسای چاكسازی و بە ڕەچاوكردنی مەرجەكانی خانەنشینیی پێشمەرگە، كە لە ماددە 25ی یاسای 38ی ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگەدا دیاری كراوە، بڕیار لەسەر خانەنشینكردنی پێشمەرگە دەدرێ".
بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە، وتیشی: "بەپێی ماددە 25ی لە یاسای خانەنشینی ئەو تەمەنەی دیاری كراوە بە زۆرەملێ ئیحالەی خانەنشینی دەكرێت بۆ ئەوەش تەواوی ئەفسەرانی وەزارت و هەموو لیوا و فەوجەكان دەگرێتەوە، هەروەها ئاگاداری هێزەكانی 70 و 80 كراوە ئەوانیش لیستی ئەو ناوانە بنێرن كە خانەنشینی دەیانگرێتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی له وەزارەتی پێشمەرگە روونیشی كردەوە، مووچەی خانەنشینیی پێشمەرگە، بەپێی ساڵانی خزمەتەكە و مانگەكانی خزمەتی دابەشی 260 دەكرێت و مووچەی خانەنشینیەی بۆ دەردەچێت.

Top