پاش چەند ساڵ راوەستان لە كاركردن هێڵی 100 مەتری لەشاری هەولێر دەستبەكاركردن دەكاتەوە

پاش چەند ساڵ راوەستان لە كاركردن هێڵی 100 مەتری لەشاری هەولێر دەستبەكاركردن دەكاتەوە


پاش ئەوەی بۆ ماوەی چەند ساڵێك هێڵی گواستنەوەی پاسی شەقامی 100 مەتری لەنێو شاری هەولێر لە كاركردن وەستا بوو، جارێكی تر ئەو هێڵە لەرۆژی یەكشەممە( 22/8/2021) دەكرێتەوە. بەكاركەوتنەوەی هێڵی 100 مەتری بۆ شاری هەولێر لەكاتێكدایە فشارێكی زۆر لەسەر ئەو شەقامە هەیە و ژمارەیەكی زۆر گەڕەك و ناوچەی نوێی نیشتەجێبوون و فەرمانگەی لەسەرە. شایانی باسە شەقامی 100 مەتری دەكەوێتە نێوان هەر دوو شەقامی 40 مەتری و 120 مەتری
بەرێز سەلاح جەوهەر بەرێوەبەری گشتی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوەی و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پێش دوو ساڵ بڕیابوو كە هێڵی 100 مەتری بكرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە بانگەوازیش ئەنجامدرا، گەرچی بە دەمەوە هاتنی خاوەن پاسەكان بۆ كاركردن لەو هێلەوە سارد بوو، بەڵام ئێستا ژمارەیەكی زۆری پاسی هێڵەكە بڕیاریانداوە دووبارە دەست بە كاربكەنەوە و لەرۆژی یەكشەمەوە 22/8/2021ەوە دەستبەكاردەكەنەوە،. هەروەها بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەشداوە هێڵی 100 مەتری لە هەردوو سایدی هاتن و چوونی شەقامی 100مەتر كاردەكەن و لەرێگای ئەو هێلەشەوە ئاسانكاری زۆر بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و قوتابیان دەستەبەر دەبێت. هاوكات بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە وتی: شۆفێرانی هێڵەكە پاسی تازەتریان هێناوە ئەو ژمارەیەی كە بڕیاری كاركردنیان داوە ئەگەر توانای پڕكردنەوەی خواستیان نەبێت ئەوە بانگەوازێك دەكرێت بۆ ئەوەی ژمارەی پاس زیاتر بكرێت، هەروەها لە هەر گەڕەك و شوێنێك داواكاری خەڵك هەبێت بۆ كاركردنەوەی هێڵی گواستنەوە لە گەڕەك و شوێنەكان ئەوە ئێمە هێڵی تازەیان بۆ دەكەینەوە بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكرێت و تاوەكو بەهەبوون و فەراهەمكردنی هێلەكانی گواستنەوە خەڵك كەمتر ئۆتۆمبێلی تایبەت بەكاربهێنن و بەم هۆیەشەوە فشاریش لەسەر شەقامەكان كەمتر دەبێتەوە.
ئامادەكردنی: گوڵان/ سالح عومەر

Top