بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر: ناتوانین هێڵە ئاسمانییەکان ناچاربکەین زمانی کوردی بەکاربهێنن
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایدەگەیێنێت، كە رۆژانە 50 تاوەکو 55 گەشتی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکەوە ئەنجامدەدرێن کە بۆ 14 وڵات گەشتی راستەوخۆیان هەیە. هاوكات ئاماژەی بەوەشداوە كە ناتوانن هێڵە ئاسمانییەکان ناچاربکەن كە لەنێوفڕۆکەدا زمانی کوردی بەکاربهێنن.
ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، ئەو کەسانەی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەشت دەکەن، ئەگەر لە وڵاتێکی دیکەوە بێنە هەرێمی کوردستان ئەوە دەبێت کارتی ڤاکسین یان پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێبێت کە ماوەی 72 کاژێری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت و ئەوانەش کە لە هەرێمی کوردستانەوە گەشت دەکەن پێویستە پشکنینی 72 کاژێری کۆرۆنایان هەبێت یان دەبێت بەپێی داواکاریی ئەو وڵاتەوە بێت كە بۆی دەچن. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە رۆژانە 50 تاوەکو 55 گەشتی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێرەوە ئەنجامدەدرێت و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشتی راستەوخۆیان لەگەڵ 14 وڵات هەیە، لەوانەش ئەڵمانیا، نەمسا، هۆڵەندا، دانیمارک، ئیمارات، لوبنان، قەتەر، ئێران، سووریا و تورکیا، هاوكات رۆاژنە گەشتە نیوخۆییەکانیش بۆ فڕۆکەخانەکانی نەجەف، بەسرە و بەغدا ئەنجام دەدرێت.
هەروەها لەبارەی بەکارنەهێنانی زمانی کوردی لەنێو فڕۆکەی هێڵە ئاسمانییەکان، بەڕێز ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وتی، لەسەر بۆردەکان و برۆشۆرەکان هەر سێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی هەیە، بەڵام لەنێو فڕۆکە لەكاتی گەشتەكاندا زمانی ئینگلیزی كە ستانداردێکی جیهانییە و زمانێکی هاوبەشە بەكاردێت، لەلایەكی دیكەوە ئەحمەد هۆشیار دەڵێت: چونكە وەکو هەرێمی کوردستان هێڵی ئاسمانیی تایبەت بەخۆمان نییە، هەر بۆیە زمانی کوردی بەکارنایەت، بەڵكو تەنیا زمانی ئینگلیزی و زمانی ئەو وڵاتەی خاوەنی فڕۆکەکەیە بەکاردێت، ئێمە دەسەڵاتمان لەسەر ئەو هێڵە ئاسمانییانە نییە تاوەکو داوایان لێبکەین زمانی کوردی لەنێو فڕۆکە بەکاربهێنن.
