وەزیری ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان: رێککەوتنی شنگال لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی پێویسته بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

وەزیری ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان: رێککەوتنی شنگال لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی پێویسته بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە


وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داخوازین له حکومەتی عێراق و وڵاتانی جیهان وەکو پێویست مامەڵە لەگەڵ جینوسایدی ئێزیدییەکان بکه‌ن.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە ڕایگەیاند، "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم هەوڵی جددیمان داوە لەسەر پرسی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، بە هاوکاری لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و حکومەتی فیدڕاڵی".

لە هەمووی" وەزیری ناوخۆ لە كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامەيیدا وتى: گرنگتر ئەوەیە کە بیر لە داهاتووی خەڵکی شنگال بکەینەوە، کە ماوەی حەوت ساڵە لە کەمپی ئاوارەکاندا لە هەرێم ژیان بەسەر دەبەن. "
گوتيشى: "ئێمە رێککەوتنی شنگالمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی کردووە و پێویسته ئەو ڕێکكەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە تاوەکو ئێستا کارا نەکراوە، رێککەوتنی شنگال ڕێگایەکە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال هەروەها دەبێت ئەو هێز و چەکدارە نایاساییانە ناوچەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی سەربەرزی و رێز بۆ ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە".

لە ڕۆژی 3ی ئابی 2014دا، تيرۆريستانى داعش هێرشیان کردەسەر قەزای شنگال و سەرباری ڕووخاندنی زۆرێک لە خانوو و بیناکانی شارەکە و تەقاندنەوەی پەرستگا ئایینییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی قەزاکەیان کوشت و هەزاران ژن و کچی ئێزیدییان رفاند و تا ئێستا چارەنووسی بەشێکیان دیار نییە.

Top