هەفتەی داهاتوو بەشێك لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم دابەش دەكرێت
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: بەر لە دوو هەفتە چەكی یەكەمی بەشە پارەی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی كوردستان لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم كراوە، بەڵام تاكو ڕێكاری فەرمیی خەرج كردنی بۆ دەرچوو، دابەش كردنی دواكەوت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی ئەوەشی ڕوون كردەوە كە بڕی پارەی یەكەم چەك بریتییە لە پێنج ملیار دینار و چاوەڕوان دەكرا لە كۆتایی ئەو هەفتەیە دەست بە خەرجكردنی ئەو پێنج ملیار دینارە بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوە بەغدا دواكەوت لە دەركردنی فەرمانی خەرجكردنی، بۆیە لە هەفتەی داهاتوووە پارەكە دابەش دەكرێت، كە بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای هەولێر و بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە و بڕی یەك ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دهۆك تەرخان كراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە لە 23/6/2021 دەستیان بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران كردووە و ئەم ساڵ بڕی 375 هەزار تەن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە و گەنمی پلە یەك بە 610 ھەزار دینار و گەنمی پلە دوو 530 ھەزار دینار و گەنمی پلە سێ بە 470 ھەزار دینار وەرگیراوە.
