فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە هەموو هەوڵێکى دەخاتە گەڕ بۆ بەجینۆسایدناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەموو ئەو تاوانانەی دژی گەلەکەمان ئەنجامدراوە

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە هەموو هەوڵێکى دەخاتە گەڕ بۆ بەجینۆسایدناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەموو ئەو تاوانانەی دژی گەلەکەمان ئەنجامدراوە

 

ئەمڕۆ گەلى کوردستان بەڕێزو نەوازشەوە یادى رۆژێکى پڕ لە ماتەمینى دەکاتەوە، بەرەبەیانى رۆژێکى وەک ئەمڕۆ ساڵى ١٩٨٣ هێزە سەربازى و ئەمنیەکانى رژێمى پێشووى عیراق هەڵمەتێکى فراوانى رەشبگیریان لەدەوروبەرى هەولێر ئەنجامداو هەڵیان کوتایە سەر کۆمەڵگە زۆرە ملێکان و زیاتر لە هەشت هەزار پیاوو کوڕى گەنج و مێردمنداڵی بارزانیان دەسگیرکرد. لەو ساوە تاکو ئێستاش ئەو بارزانیانە نەگەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان و رژێمى سەددام لە بیابانەکانى عیراق بە دڕندانەترین شێوە قەتل و عام و زیندە بەچاڵی کردن.

ئەنفالى بارزانییەکان یەکێک لە تاوانە گەورەکانى بەعس و پرۆسەیەکى ترسناکى پاکتاوى رەگەزی بوو دژى گەلى کوردستان، ئەمڕۆ لەم یادەدا، سەرى رێزو نەوازش بۆ قوربانیان و ئەو دایک و خوشک و خێزان و کچانە دادەنوێنین کە هاوکات لەگەڵ باوک و براو کەس و کاریان بوونە قوربانى و رووبەڕووى ئایندەیەکى نادیار بوونەوە.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە ئەرکى خۆى زانیوە بە بەڵگەو دۆکیومێنت تەواوى ئەو تاوانانەى دەرهەق بە هاوڵاتیانى کوردستان کراوە جا چ لەلایەن رژێمى پێشووى عیراق بێت وەک ئەنفال و راگواستنى کوردانى فەیلى، ئەنفالى بارزانییەکان، پرۆسەى بەدناوى ئەنفالى گەرمیان و بادینان، کیمیابارانکردن و خاپوورکردنى گوندەکان یان قەتلو عامی کوردانى ئێزیدى لەلایەن تیرۆریستانى داعش، بخاتە بەردەم کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ.

ئێستا زۆرێک لە پەرلەمان و حکومەتەکانى دونیا لەوە ئاگادارن کە گەلى کوردستان لە مێژووى نزیکیدا چەندین جار دووچارى پاکتاوى نەژادى و کۆمەڵکوژى و بەسوتماک کردنى خاکەکەى بۆتەوە. لەم یادەدا وێڕاى سەرى رێزو نەوازش بۆ شەهیدانى جینۆسایدى بارزانیەکان، جەخت دەکەینەوە کە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەو تاوانانە ئاگاداربکەینەوەو نەهێڵین جارێکى دیکە گەلى کوردستان دووچارى کۆمەڵکوژى و جینۆساید ببێتەوە.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت

Top