کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان گەیشتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە

کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان گەیشتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە درێژەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی هاوپەیمانان پێشکەش بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکەن، بەشێک لەو هاوکاریانە گەیشتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا ڕۆژى 28/7/2021 ، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبونی جێگری سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئیدارەو میرەو بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوبەری میرەی گشتی و نوێنەری هاوپەیمانان، بەشێکی تر لە هاوکاریی لۆجستی، کە پێکهاتبوون لە ئۆتۆمبێلی سەربازيی (هەمەر) و کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری، فریاکەوتنی تەندروستی(الٲسعاف) و ئامێری گەیاندن(الاتصالات) لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
لە رێورەسمەکەدا، عەمید روکن ئەمیر، بەڕێوەبەری میرەی گشتی وتەیەکی پێشکەش کرد، تیایدا سوپاسی هاوپەیمانانی کرد بۆ ئەو کۆمەک و هاوکارییانەیان بە بەردەوامی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن، بەڵێنیشی دا، کە بەشێوەیەکی رێکوپێک ئەو هاوکاریانە بەسەر لیواکاندا دابەش بکرێن، بە شێوەیەک کاریگەری هەبێ لە سەر بەهێزکردنی تواناکانیان.
هەر لە مەڕاسیمەکەدا، موقەدەم فەرمان فەرهاد زراری، جێگری بەڕێوەبەری میرەی گشتی، وتەیەکی پێشکەش کرد، تیایدا سوپاسێکی بێ پایانی وڵاتانی هاوپەیمانانی کرد، کە لە سەرەتای جەنگی داعشەوە تا ئێستا هاوکار و هاوئاهەنگ بون، وتیشی: هاوپەیمانان رۆڵێکی گرنگیان هەبوە لە تێکشکاندنی داعش و گروپە تیرۆرستیەکان، هەروەها هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە بە گرنگ وەسف کرد.
وەزارەتی پێشمەرگە وتووشیەتی:ئەو هاوکاریيانە لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی تایبەتدان لە رێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پێشکەش بە پێشمەرگە دەکرێت، بۆ لەناوبردن و تێکشاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان.



Top