سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک ـ گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان: گەر پێش هەڵبژاردن، حیزبەکەمان بە کەرامەت و ئاڵای کوردستانەوە نەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، قسەی خۆمان دەبێت.
بەرێز «دکتۆر کەمال کەرکوکی» سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک ـ گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند؛- گەر پێش هەڵبژاردن، حیزبەکەمان بە کەرامەت و ئاڵای کوردستانەوە نەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، قسەی خۆمان دەبێت.
سەربارەت بەسەردانی مەکگۆرک بۆ سلیمانی گوتی، هیچکام لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت نەچوونەتە سلێمانی بۆ بینینی برێت مەکگۆرگ، چونکە ئەو عێراقی جێهێشتووە.
بەرێز «دکتۆر کەمال کەرکوکی» ڕایگەیاند، "نە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نە سەرۆکی حکومەت نەچوونەتە سلێمانی، مەکگۆرگیش لە عێراق نەماوە، ئەوە تەنها پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندن بوو، ئەگینا مەکگۆرگ بێتە سلێمانی ڕادەگەیەنرا."
لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، بەرێزیان ڕایگەیاند، "یاسای هەڵبژاردنی عێراق، ناعەدالەتی تێدایە و دژی دەستورە، دژی یەکسانی و مافی مرۆڤە، لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زۆر دژی کوردە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ نمونە لە کەرکوک 3 بازنەی هەڵبژاردن هەیە، لە بازنەی دووەمدا، هەر کورسیەک پێویستی بە دەنگی 138 هەزار و 425 دەنگە، کەچی لەدەستوری عێراق دا، هەر کورسیەکی پەرلەمانی، 100 هەزار دەنگی بۆ دانراوە، ژمارەی دانیشتووانی حەویجە بای کورسی و نیوێکە، کەچی 3 کورسی بۆ دانراوە، لەکاتێکدا 70% دانیشتوانی حەویجە لەکەرکوکن و لەوێش دەنگ دەدەن."
باسی لەوەشکرد، ""ئێستا لە گفتوگۆداین سەبارەت گەڕانەوە بۆ کەرکوک، گفتوگۆکان بە ئاراستەی عەدالەت و یەکسانین، گەر عەدالەت و یەکسانی ڕانەگیرێت، بارەگا نابەینەوە بۆ کەرکوک."
بەرێز دکتۆر کەمال کەرکوکی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی لە کەرکوک ڕەتکردووەتەوەو گوتی " وەکو پارتی کەرکوک بە شاری خۆمان دەزانین، دەمانەوێت بەکەرامەت و ئاڵای کوردستانەوە بگەڕێینەوە، گەر نەیانهێشت، سەرکردایەتی پارتی قسەی دەبێت."
جەختیشیکردووەتەوە، "لە ناوخۆی حیزب هەموو شت دەوترێ، بەڵام باسی بایکۆت نەکراوە، گەر بایکۆت بکەین، ڕایدەگەیەنین، هەوڵمانداوە ناعەدالەتیەکان ڕابگرین."
